ئەڵمانیا.. ژمارەیەک کەس لەنێو بانکێکدا بە بارمتەگیراون

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە بانکێکی شاری سینزیگ لە رۆژئاوای وڵات ژمارەیەک هاووڵاتی بە بارمتەگیراون و بانکەکەش لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە گەمارۆ دراوە.

ئەمڕۆ هەینی 8ی ئایاری 2026 پۆلیسی کۆبلێنز رایگەیاند، " چەند چەکدارێک لە ناوەندی شاری سینزیگ، ژمارەیەک هاووڵاتییان بە بارمتە گرتووە، لەنێو بارمتەکاندا شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی گولـلەنەبڕیش دەستبەسەرکراوە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، هێزەکانی پۆلیسی گەمارۆی باڵەخانەی بانکەکەیان داوە و پرۆسەی رزگارکردنی بارمتەکانیشیان بە پرۆسەیەکی قورس و ئاڵۆز ناوبردووە؛ بەڵام پۆلیس رایگەیاندووە، خەڵکی دەرەوە و دەوروبەری بانکەکە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.

هەر لەمبارەوە رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، شوفێری ئۆتۆمێلە گولـلە نەبڕەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەبەردەم بانکەکە هەڕەشەی لێکراوە و پەلکێشی نێو بانکەکە کراوە، هەروەها وێنەی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی پۆلیسی بە چەکەوە بڵاوکردووەتەوە کە گەمارۆی بانکەکەیانداوە.

هەرچەندە پۆلیس بەهۆی شڵەژانی دۆخی ئەمنی و ئامانجی رزگارکردنی بارمتەکان هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئەڵمانیا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا ئەمە دووەم حاڵەتە تۆمار دەکرێت، یەکەمیان کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، ژمارەیەک چەکدار لە شاری گێلسنکیرشن هەڵیانکووتایە سەر بانکێک و بڕیان، دواتر پۆلیسی ئەڵمانیا زیانەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، 30 ملیۆن یۆرۆ دزراوە، بەڵام هیچ قوربانییەک تۆمارنەکرابوو.