واشنتن هۆشدارییەکی توند ئاراستەی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەکات

ئەمریکا بە توندی رەتی دەکاتەوە گرووپە چەکدارەکان بەشدار بن لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا

حکوومەتی ئەمریکا پەیامێکی نوێ و هۆشدارییەکی ئاراستەی حکوومەتی داهاتووی عێراق کردووە، تێیدا بە توندی رەتی کردووەتەوە کە رێگە بدرێت گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان هیچ رۆڵ و بەشدارییەکیان لە ناو کابینەی نوێی حکوومەتدا هەبێت.

هەینی، 8ـی ئایاری 2026، تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی نیوز"، لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە: "ئێستا هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان زۆر 'نادیار و لێڵە'."

هەروەها بەرپرسەکەی ئەمریکا، داوا لە عەلی زەیدی دەکات، لە کابینەی نوێی حکوومەتەکەی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بپچڕێنێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جارێکی داوای لە حکوومەتی داهاتووی عێراق کرد، کە راگەیەنراوێکی روون و ئاشکرا دەربکات و تێیدا جەخت لەوە بکاتەوە کە گرووپە چەکدارەکان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لە حکوومەت."

ئەم داواکارییانەی ئەمریکا دوای زنجیرەیەک گرژیی ئەمنی دێت لە ناوچەکەدا، وەک بەرپرسەکە ئاماژەی پێ کردووە و جەختی کردووەتەوە کە "دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق رووبەڕووی زیاتر لە 600 هێرش بوونەتەوە لە میانی ئەو ململانێ سەربازییەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینیویەتی لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تاوەکوو کاتی چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە هەشتی مانگی نیسانی رابردوودا."

چەمکی "گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان" لە عێراقدا بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانە بەکاردێت کە سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان بە فەرمی بەشێکن لە دامەزراوە ئەمنییەکان، بەڵام لە دەرەوەی فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کار دەکەن. ئەم گرووپانە لە ساڵی 2026ـدا بوونەتە ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ سەقامگیریی عێراق و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی.

واشنتن لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردبوو دەستبەجێ ئەم گرووپانە هەڵبوەشێنێتەوە و هۆشداری دابوو کە ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێن، عێراق رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.