پێنتاگۆن پەردە لەسەر دۆسیە شاراوەکانی بوونەوەری ئاسمانی لادەبات

بەڵگەیەکی پێنتاگۆن؛ لە ئەیلوولی 2023ەوە سەبارەت بە تەنێکی کانزایی شێوە هێلکەیی ڕەنگ بڕۆنزی کە وا دیارە لە ناو ڕووناکییەکی درەوشاوەی ئاسمانەوە ماددە بووە، درێژییەکەی لە نێوان 130 بۆ 195 پێ بووە، و دەستبەجێ دیار نەماوە.
بەڵگەیەکی پێنتاگۆن؛ لە ئەیلوولی 2023ەوە سەبارەت بە تەنێکی کانزایی شێوە هێلکەیی ڕەنگ بڕۆنزی کە وا دیارە لە ناو ڕووناکییەکی درەوشاوەی ئاسمانەوە ماددە بووە، درێژییەکەی لە نێوان 130 بۆ 195 پێ بووە، و دەستبەجێ دیار نەماوە.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک دۆسیە و ڤیدیۆی نهێنی کە تاوەکو ئێستا نەبینراون و پەیوەستن بە "دیاردە نائاساییە نەناسراوەکان"

هەینی 8ی ئایاری 2026، وەزارەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا یەکەمین بەشی ئەو دۆسیانەی راگەیاند کە لە چوارچێوەی سیستەمی (سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ لادانی نهێنی و راپۆرتکردنی رووبەڕووبوونەوەکانی UAP) کۆکراونەتەوە. ئەمە هەوڵێکی هاوبەشی گەورەیە لە نێوان کۆشکی سپی، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (ODNI)، ئێف بی ئای (FBI)، ئاژانسی ناسا (NASA) و وەزارەتی وزە بووە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵێنی دابوو شەفافیەتی تەواو بۆ گەلی ئەمریکا دابین بکات. ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی (WAR.GOV/UFO) دەستیان بە ڤیدیۆ، وێنە و بەڵگەنامە ئەسڵییەکان رابگات بەبێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ مۆڵەتێکی ئەمنی هەبێت. ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ئەمریکادا ئیدارەیەک بەم ئاستە دۆسیە هەستیارەکانی پەیوەست بە بوونەوەرە ئاسمانییەکان UFO ئاشکرا بکات.

لەو بارەوە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکا لێدوانی خۆیان داوە و پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەو وڵاتە گوتی: ئەم دۆسیانە کە لە پشت پەردەی نهێنییەوە شاردرابوونەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ بووبوونە سەرچاوەی گومان؛ ئێستا کاتی ئەوە هاتووە گەلی ئەمریکا بە چاوی خۆی راستییەکان ببینێت."

تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، ئاماژەی داوە، "ئێمە بە وردی و بە شێوەیەکی گشتگیر چاودێری پڕۆسەی ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین شەفافیەت بۆ خەڵک دابین بکەین."

هەروەها کاش پاتێل بەڕێوەبەری FBI، باسی لەوە کرد، "ئێف بی ئای شانازی دەکات کە لەم ئەرکە مێژووییەدا هاوبەشە. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، خەڵک دەستیان بە دۆسیە حکومییەکان دەگات بەبێ هیچ کۆتوبەندێک."

جارید ئایزاکمان بەڕێوەبەری ناساش گوتی: "ئەرکی ئێمە بەکارهێنانی ژیریی مرۆیی و ئامێرە زانستییەکانە بۆ تێگەیشتن لە داتاکان. ئێمە راستگۆ دەبین لەگەڵ خەڵک لەسەر ئەوەی چی دەزانین و چیشمان تاوەکو ئێستا بۆ روون نەبووەتەوە."

وەزارەتی جەنگ جەختی کردەوە، ئەمە تەنیا سەرەتایە و لە رۆژانی داهاتوودا دۆسیەی زیاتر و ڤیدیۆی نوێ بڵاودەکرێنەوە. هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەم کەرستانە لە لایەنی ئەمنییەوە وردبینییان بۆ کراوە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەی زانستیی قووڵیان بۆ نەکراوە تاوەکو ڕاستی دیاردەکان یەکلا بکرێنەوە.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد، کە یەکەمین بەشی دۆسیەکانی تایبەت بە (UFO/UAP) لەلایەن وەزارەتی جەنگەوە بۆ ڕای گشتی خراونەتە ڕوو. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیە کە پێشتر بە هاووڵاتییانی دابوو.

لە پەیامەکەیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە، کە ئیدارەکەی ڕاسپاردووە هەموو ئەو دۆسیە حکومییانەی پەیوەستن بە "بوونەوەرە دەرەکییەکان، ژیانی دەرەکی، دیاردە ئاسمانییە نادیارەکان و تەنە فڕیوە نەناسراوەکان" بدۆزنەوە و ئاشکرایان بکەن. گوتیشی: "ئەمە هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی شەفافیەت."

ترەمپ ئاماژەشی دا : "بەبوونی ئەم بەڵگەنامە و ڤیدیۆ نوێیانە، خەڵک دەتوانن خۆیان بڕیار بدەن و تێبگەن کە لێرە چی دەگوزەرێت."

لەم لینکە بینەری بەڵگەکان بن