سەرچاوەیەک: زەیدی سوورە لەسەر هێشتنەوەی تەیف سامی و عەلی عەلاق لە پۆستەکانیاندا

چەند سەرچاوەیەک رایانگەیاند: سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، بۆ هێشتنەوەی کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر دۆسیەی نەختینەیی و داراییدا، هەوڵ دەدات هەریەک لە تەیف سامی لە وەزارەتی دارایی و عەلی عەلاق لە بانکی ناوەندی لە پۆستەکانیان بهێڵێتەوە.

هەینی، 8ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "الشرق الأوسط"، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بەشێک لە نهێنییەکانی پشت پەردەی ململانێ و دانوستانەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی ئاشکرا کرد و رایانگەیاند: کە پێشنیازێک هەیە بۆ دامەزراندنی 4 پۆستی نوێی باڵا لە ناو حکوومەتدا.

رۆژنامەکە بڵاوی کردەوە، "یەکێک لە دیارترین خاڵەکانی ناکۆکی لە ئێستا، چڕبووەتەوە لەسەر ئەو پێشنیازانەی کە باس لە دامەزراندی 4 پۆستی نوێ دەکەن بۆ جێگرانی سەرۆکوەزیران، ئەویش لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتە سیادییەکانی وەک؛ وەزارەتی دەرەوە، نەوت، و پلاندانان، کە بە شێوەیەکی ئاسایی نازناوی جێگری سەرۆکوەزیران دەبەخشنە وەزیرەکانیان."

سەرچاوەکان زیاتر روونیان کردووەتەوە کە، "دامەزراندنی ئەم پۆستانە تەنیا بۆ 'رازیکردنی لایەنەکانە'، کە ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەڵاوسان و پەرتەوازەبوونی ناوەندەکانی بڕیاردان لە ناو کایەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا."

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە، پێشنیازی دیکەش کراون کە پەیوەستن بە دروستکردنی پۆستی 'وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە'.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، هەوڵی جیددی دەدات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی راستەوخۆی بەسەر دۆسیەی دارایی و نەختینەیی وڵاتدا هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانیی مانەوەی هەر یەک لە تەیف سامی، وەزیری دارایی ئێستا و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە پۆستەکانیاندا دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، ئێوارەی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، کارنامەی وەزاری حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.

پاشان هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەشێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئاگادارکردewe، کە یەکشەممە بۆ پەسندکردنی کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت.

هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، بە ئەگەری زۆرەوە شەممە، واتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، زەیدی ناوی پێکهاتە وەزارییەکەی پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی زوو کابینەکەی تێپەڕێندرێت، هەروەها بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەبێت 48 کاتژمێر زووتر، بەر لە هەر کۆبوونەوەیەک سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئاگادار بکەنەوە لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش بڵاو بکەنەوە.

بە پێی زانیارییەکان، تاوەکوو ئێستا پۆستی 15 وەزاری لە نێوان شیعە و سوننە و کورد یەکلایی بووەتەوە و بە ئەگەری زۆر، لە کۆبوونەوەکەی یەکشەممە دەنگیان لەسەر دەدرێت، بەڵام بە هۆی ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان و سوننەکان، رەنگە دەنگدان لەسەر شەش پۆستی وەزاری بۆ دوای جەژنی قوربان بمێنێتەوە.

کوردستان24 زانویەتی، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، پەلەیەتی تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، ئەگەر بەنیوەییش بێت، بەشێک لە کابینە وەزارییەکەی لە پەرلەمان تێپەڕێنێت و متمانەی فراکسیۆنەکان مسۆگەر بکات، چونکە نزیکەی 150 پەرلەمانتاری عێراق بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەشتی سعوودییە دەکەن، ئەگەر ئێستا پەلە نەکات، عێراق دەکەوێتە بۆشایی یاسایی.