نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هۆشداری دەداتە ئەمریکا

ئەمیر سەعید ئێرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، هەنگاوەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا دوژمنکارانە و شەڕانگێزین و هۆشداریی دا لە لێکەوتەی کارەساتبار لە گەرووی هورمز.

هەینی 8ـی ئایاری 2026، ئەمیر سەعید ئێرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا نوێنەرایەتی رەفتاری دەستدرێژیکارانە دەکەن"، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا دانی بەو هەنگاوانەدا ناوە.

نوێنەری ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی مافی تەواوی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەش دا، هەموو رێکارە پێویستەکان دەگرنە بەر بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران.

هەروەها هۆشداریی دا، بەردەوامیی جووڵەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز دەبێتە هۆی ئەنجامی کارەساتبار کە تەنها لە ناوچەکەدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو رەنگە کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی زۆر فراوانتر بن.

ئەم قسانەی ئەمیر سەعید ئێرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای ئەوە دێت، گرژییەکانی گەرووی هورمز تاوەکوو ئێستا بەردەوامە و لە رۆژانی رابردوودا پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و ئێران سەریهەڵداوەتەوە، هەروەها بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، لە رۆژی سێشەمەوە بە تەواوەتی ئەو گەرووە داخراوە و هاتوچۆی کەشتییەکان پەکیکەوتووە.