تاران گومانی لە واشنتن هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن

ئێران گومانی لە جدییەتی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، هاوکات بەردەوامە لە ئامادەکردنی وەڵامەکەی بۆ ئەو پێشنیازەی لەلایەن واشنتنەوە پێشکەشی کراوە.

شەممە 9ـی ئایاری 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم نیگەرانییانەی گەیاندە هاکان فیدان، هاوتا تورکەکەی، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لە زاری عێراقچییەوە گواستییەوە کە گوتویەتی: "زیادبوونی ئەم دواییەی گرژییەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە و پێشێلکارییە بەردەوامەکانیان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، گومانەکان سەبارەت بە جددییەتی لایەنی ئەمریکی لەسەر رێڕەوی دیپلۆماسی بەهێزتر دەکات."

 ئێران لە کاتی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رووبەڕووی دوو هێرشی سەربازی گەورە بووەتەوە، یەکەمیان لەلایەن ئیسرائیلی هاوپەیمانی واشنتن لە حوزەیرانی 2025 کە جەنگێکی 12 رۆژەی لێکەوتەوە، و دووەمیان هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو لە کۆتایی شوباتی رابردوو.

ئەم هەڵوێستەی عێراقچی دوای ئەوە هات، رۆژی هەینی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان واشنتن و تاران لە گەرووی هورمز نوێ بووەوە، ئەمەش بە بەئامانجگرتنی دوو کەشتی نەوتی ئێرانی، ئەمەش رۆژێک دوای هێرشەکانی هەردوولا لەو رێڕەوە دەریاییەدا، بەرپرسانی ئێران واشنتنیان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئاگربەست کە لە 8ـی نیسانەوە کارایە، لە رێگەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی نەوت و رێگری کردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

لە لایەکەی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی جەختی کردەوە، کە پێشنیازەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا شەوی هەینی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: وا بڕیارە ئەمشەو نامەیەکم لە ئێرانەوە پێ بگات، بۆیە دەبینین کارەکان چۆن دەڕۆن، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ چاوەڕوانکردنی وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشنیازەکەی واشنتن.

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا، پێشنیازەکەی واشنتن بریتییە لە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامی و رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەک بۆ ئەنجامدانی دانوستان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی تاران.

لای خۆیەوە پاکستان لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکە، سەرکردایەتی ناوبژیوانییەک دەکەن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ دانانی سنوورێکی کۆتایی بۆ ئەو جەنگەی کە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ـی شوبات دەستی پێکرد، هاوکات توندوتیژییەکانی گەیشتە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بووە هۆی شڵەژان لە بازاڕە جیهانییەکاندا، بەتایبەت لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمز کە بۆ دابینکردنی وزە و جوڵەی بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی زۆر گرنگە.