دۆناڵد ترەمپ ئامادە نییە بلیتی یارییەكانی مۆندیال بكڕێت
سەرۆكی ئەمریكا رەخنەی توندی لە نرخی بلیتەكان هەیە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رەخنە لە نرخی بلیتی مۆندیالی 2026 دەگرێت و دەڵێت، نرخەکان گرانن و ئامادە نییە بلیتی مۆندیال بەو نرخە بکڕێت.
نرخی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە بڕیارە بەهاوبەشی لە هەر سێ وڵاتی ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بکرێت، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەردەوام داوا لە فیفا دەکرێت کە نرخی بلیتەکان کەم بکرێتەوە.
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکێکە لەو کەسانە کە گلەیی لە نرخی بلیتەکان هەیە و دەڵێت ئامادە نییە پارە بەو نرخە بەرزانەی بلیت بدات کە بۆ هەندێک لە یارییەکانی مۆندیال دیاریکراون، بەتایبەت ئەو یارییانەی ئەمریکای میواندار تێیاندا بەشدارە.
ترەمپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست ناڕەزایەتی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە نرخی بلیتەکانی مۆندیالی 2026 و ڕاشکاوانە گوتی: "بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بم، منیش ئامادە نیم ئەو بڕە پارەیە بدەم."
بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو بۆ یەكەمجار مۆندیال بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوە بچێت و یاریی كردنەوەش لە نێوان مەكسیك و باشووری ئەفریقیا دەكرێت.