ئەمڕۆ داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکرێت
بڕیارە ئەمڕۆ زیاتر لە 50 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێر بانکی ناوەندیی فیدراڵ.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەم مانگە زیاتر لە 50 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
پەیامنێرمان باسی لەوەش کرد، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە، نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بۆ خێرا راپەراندنی کارەکان تا پێش ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەردانی سعوودییە بکات؛ رێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو بکات.
هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەکوردستان24 گوت، بەپێی لێکگەیشتنی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگەش 120 ملیار دینار نانێرین چونکە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران کێشەی داهاتی نانەوتی هەبوو و هەردوو حکوومەتیش لەسەر ئەم بابەتە لێکگەیشتنیان هەیە.
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەر کاتێک پارەکەی بەغدا بگاتە سەر هەژماری وەزارەتمان، راستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنین."