ئەمساڵ چوار تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە

سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لە عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار تۆن زێڕ هاوردەی وڵات کراوە، کە زۆربەی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە بووە.

فەیاز دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو دەستپێکی مانگی ئایار، نزیکەی چوار تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە."

سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو زێڕە هاوردەکراوە، دلێمی ئاشکرای کرد، 95%ـی زێڕەکە لە وڵاتی ئیمارات و 5%ـەکەی دیکە لە تورکیاوە هاوردە کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە رێگەی پێ دەدرێت بێتە ناو وڵات.

ئەو زێڕە لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف، مووسڵ، کەرکووک، هەولێر و سلێمانی هاوردەکراوە.

سەرۆکی دەزگاکە جەختی لەوەش کردەوە، تیمەکانی پشکنین لە فڕۆکەخانەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنین و مۆرکردنی زێڕەکان، بە مەبەستی خێراکردنی رێکارەکان و رێگریکردن لە هەر دواکەوتنێکی ئەو بارانەی دەگەنە عێراق.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، بەهۆی ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرسا، بەوهۆیەوە ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە 40 رۆژ داخرابوو، بەڵام دوای کردنەوەی ئاسمان، پرۆسەی هاوردەکردنی زێڕ دەستی پێکردووەتەوە.