پوتن هاوڕێیەکی کۆنی وەک نێوەندگیری جەنگی ئۆکرانیا پێشنیاز دەکات

پوتن و گێرهارد شرۆدەر
پوتن و گێرهارد شرۆدەر

سەرۆکی رووسیا، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا وەک باشترین کەسایەتی ئەوروپی بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ناودەبات و رایدەگەیەنێت کە جەنگەکە بەرەو قۆناغی کۆتایی هەنگاو دەنێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی نائاساییدا دوای بەشداریکردنی لە یادی "رۆژی سەرکەوتن" لە مۆسکۆ، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، ناوی گێرهارد شرۆدەر، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیای وەک نێوەندگیرێکی ئەوروپیی گونجاو بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی پێشنیاز کرد.

پوتن لە لێدوانەکەیدا گوتی: "لە نێوان هەموو سیاسییەکانی ئەوروپادا، من گفتوگۆکردن لەگەڵ شرۆدەر بە باشتر دەزانم." سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش دا، پێی وایە جەنگی ئۆکرانیا خەریکە دەگاتە کۆتایی و ئاماژەی دا، "چارەسەری ئاشتییانەی ململانێکان لە ئەستۆی رووسیا و ئۆکرانیادایە، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێک بیەوێت هاوکار بێت، ئێمە سوپاسگوزار دەبین."

لە بەرانبەردا، نووسینگەی گێرهارد شرۆدەر لە وەڵامی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیدا رایگەیاند، راوێژکاری پێشوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە نادات. شرۆدەر کە لە نێوان ساڵانی 1998 بۆ 2005 راوێژکاری ئەڵمانیا بووە، ساڵانێکی درێژە بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ پوتن و رۆڵی لە کۆمپانیاکانی وزەی رووسیادا، لە ناوخۆی ئەڵمانیا رووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە.

هەڵوێستی ئەڵمانیا

بەرپرسانی ئەڵمانیا بە ساردییەوە وەڵامی ئەم پێشنیازەیان دایەوە. سەرچاوە حکومییەکان بە ئاژانسی "فرانس پرێس"یان راگەیاندووە کە ئەوان تێبینی قسەکانی پوتنیان کردووە، بەڵام ئەمە تەنیا وەک "بەشێک لە زنجیرە ئۆفەرە ساختەکانی رووسیا" دەبینن. بەرلین جەخت دەکاتەوە کە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی نییەتی مۆسکۆ، "درێژکردنەوەی ئاگربەستە سێ رۆژییەکەیە" نەک پێشنیازکردنی کەسایەتییەکان.

پێشنیازەکەی پوتن جۆرێک لە دابەشبوونی لە ناوخۆی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) دروست کردووە، کە حیزبەکەی خودی شرۆدەرە، بەرەی دژەکان: مایکڵ رۆس، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، دەڵێت، "نێوەندگیر نابێت هاوڕێی گیانیی پۆتن بێت." جەختیشی کردەوە کە هەر نێوەندگیرێک دەبێت لە لایەن ئۆکرانیاوە قبووڵکراو بێت، "نەک مۆسکۆ بڕیاری لەسەر بدات."

لە بەرەی لایەنگرەکان، بەشێکی تر لە پەرلەمانتارانی هەمان حیزب، وەک راڵف ستاگنەر، پێیان وایە ئەوروپا دەبێت هەموو دەرفەتێک بقۆزێتەوە تاوەکو رێگری بکات لەوەی تەنیا پوتن و دۆناڵد ترەمپ بڕیار لەسەر ئاییندەی ئۆکرانیا بدەن؛ هەروەها  فابیۆ دی ماسی، سەرۆکی حیزبی (BSW) ، دەڵێت: "پێویستە پەنا بۆ راوێژکاری پێشوو ببەین، چیمان لە دەست دەچێت؟"

ئەم دەسپێشخەرییەی پوتن لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا زیادیان کردووە و مۆسکۆ دەیەوێت لە رێگەی کەسایەتییە دۆستەکانی خۆیەوە مەرجەکانی بۆ ئاشتی بسەپێنێت.

پەیوەندییەکەی پوتن و شرۆدەر

شرۆدەر وەک هاوپەیمان و هاوڕێیەکی نزیک و دێرینی پوتن دەناسرێت. تەنانەت دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، شرۆدەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ کرێملین نەپچڕاند، ئەمەش وای لێکرد لە ناوخۆی ئەڵمانیا و وڵاتانی رۆژئاوا بە تەواوی گۆشەگیر بکرێت و بەشێک لە دەستکەوتە فەرمییەکانی وەک راوێژکارێکی پێشوو لێ وەربگیرێتەوە.

شرۆدەر پێشتر رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پڕۆژە گەورەکانی وزەی رووسیا، وەک بۆریی گازی "نۆرد ستریم" و ئەندامێتی لە بۆردی کۆمپانیای "رۆسنێفت" کە لە ساڵی 2022 دەستی لێ کێشایەوە. تاوەکو ئێستاش ئامادە نییە بە رەسمی سەرکۆنەی داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات، ئەمەش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم هەر رۆڵێکی دیپلۆماسی کە لە ئاییندەدا پێی بسپێردرێت.

شرۆدەر پێشتر لە وتارێکدا جەنگی ئۆکرانیای بە "پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کردبوو، بەڵام هاوکات دژی خراپ نیشاندانی رووسیا بووە و پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی وزەی رووسیا بۆ ئەوروپا کردووە.