40 وڵات بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز کۆدەبنەوە

حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا و فەرەنسا رۆژی سێشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی فرەنەتەوەیی وەزیرانی بەرگری دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پلانە سەربازییەکان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی رەوتی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا.

دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیادا هاتووە: "جۆن هیڵی، وەزیری بەرگری بەریتانیا، لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی، کاترین ڤۆترین، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەک دەکەن کە نوێنەرانی زیاتر لە 40 وڵات تێیدا بەشدارن، ئەمەش وەک یەکەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری دەبێت لە چوارچێوەی ئەرکە فرەنەتەوەییەکەدا".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کۆبوونەوەیە دوای دیدارێکی دوو رۆژەی لەندەن دێت لە مانگی نیسانی رابردوودا، کە تێیدا پلاندانەرانی سەربازی لایەنە پراکتیکییەکانی ئەرکێکیان تاوتوێ کردووە بە سەرکردایەتی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ پاراستنی گەشتیاری لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا، ئەوەش دوای گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام.

هیڵی گوتی: "رێککەوتنە دیپلۆماسییەکان دەگۆڕین بۆ پلانی سەربازی پراکتیکی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا".

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، فەرەنسا و بەریتانیا کەشتی جەنگییان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، پاریس کەشتی فڕۆکە هەڵگری "شارل دیگۆل"ی رەوانەی ناوچەکە کرد و لەندەنیش رۆژی شەممە رەوانەکردنی کەشتی جەنگی "HMS Dragon"ی راگەیاند، هەردوو وڵات جەختیان کردەوە، ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی جێگیربوونی پێشوەختەدایە بەرلە هەر ئەرکێکی نێودەوڵەتی ئەگەری.

لە بەرانبەردا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداری دایە بەریتانیا و فەرەنسا و گوتی، کەشتییە جەنگییەکانیان، یان کەشتی هەر وڵاتێکی دیکە، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و خێرا دەبنەوە، گوتیشی: "تەنها کۆماری ئیسلامی ئێران توانای چەسپاندنی ئاسایشی لەم گەرووەدا هەیە".

دواتر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی "هەرگیز بیری لە بڵاوکردنەوەی هێزی دەریایی لە ناوخۆی گەرووی هورمز نەکردووەتەوە"، بەڵکو بیر لە ئەرکێکی ئەمنیی "هەماهەنگ لەگەڵ ئێران" دەکاتەوە، هاوکات ماکرۆن رەتیکردەوە رەزامەند بن لەسەر داخستنی گەرووەکە یان سەپاندنی هەر باج و سەرانەیەک بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان.

پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، نزیکەی پێنج یەکی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام لەو کاتەوە جووڵەی کەشتییەکان بە توندی کەمی کردووە، دوای ئەوەی ئێران گەرووەکەی تا رادەیەکی زۆر داخست، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرلەوەی دواتر ئەمریکا گەمارۆ بخاتە سەر بەندەرە ئێرانییەکان وەک وەڵامدانەوەیەک.