کۆریای باشوور توڕەیە و بەدوای هێرشبەرانی سەر کەشتییەکەی دەگەڕێت

سەرۆکایەتی کۆریای باشوور، ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد کە کرایە سەر کەشتیی بارهەڵگری "نامۆ" لە نزیک گەرووی هورمز، هاوکات جەختی لەسەر بڕیاری خۆی کردەوە بۆ وەڵامدانەوەی لایەنی دەستدرێژیکار دوای دەستنیشانکردنی ناسنامەکەی.

دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، سەرۆکایەتی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کار دەکەن بۆ پشکنینی پاشماوەی ئەو تەنانەی کە پێدەچێت لە هێرشەکەدا بۆ سەر کەشتیی "نامۆ" لە نزیک گەرووی هورمز بەکارهێنرابن.

کۆریای باشوور هەفتەی رابردوو رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکانی رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەتەوە و کەشتییەکی دیکەشی بە تەنی نەناسراو پێکراوە لە گەرووی هورمز، لە دوو رووداوی جیاوازدا کە هەردووکیان لە 4ـی ئایاری 2026 روویان داوە.

بارک ئیڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەشتیی (HMM Namo) لە 4ـی ئەم مانگەدا رووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە کە لەلایەن دوو فڕۆکەی نەناسراوەوە بە جیاوازی کات کە نزیکەی یەک خولەک بووە ئەنجامدراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناو کەشتییەکەدا.

بارک ئێل جەختی کردەوە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی هێرشبەرەکان جۆری ئەو دوو فڕۆکەیەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە دەستنیشان نەکراوە، هەروەها روونیکردەوە کە لە تۆمارەکانی کامێرای چاودێریدا دەرکەوتوون، بەڵام قورسییەک هەیە لە دەستنیشانکردنی وردی جۆریان، شوێنی بەڕێکەوتنیان و قەبارەی راستەقینەیان".

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگر لە کەشتییەک لە دووری 14 میلی دەریایی لە رۆژئاوای بەندەری "سەقەر"ی ئیماراتی کەوتووەتەوە، هاوکات وەزارەتی کاروباری دەریایی کۆریای باشوور پشتڕاستی کردەوە، تەقینەوەیەک لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکی وڵاتەکەیان لە گەرووی هورمز روویداوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکووریش ئاماژەی بەوە کرد، 24 کارمەند لەناو ئەو کەشتییە کۆرییەدا بوون.