کوردستان24 وردەکاریی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 راگەیاند؛ پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکان چەند ساڵێک دەگرێتەوە و کارە کارگێڕییەکانی زۆربەی یەکەکان تەواو کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ساڵانی (2022، 2023 و 2024) کە هەریەکەیان دوو خشتەی "ئادار و ئەیلوول" لەخۆدەگرێت، واتە لە ساڵێکدا دووجار، بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێن؛ دەڤەری یەک و فەرماندەیی پێنج خشتەکانی ئەیلوولی 2022، ئادار و ئەیلوولی 2023، و ئاداری 2024. وەزارەتی پێشمەرگە، خشتەکانی ئەیلوولی 2023، ئاداری 2024، و ئەیلوولی 2024. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، خشتەی ئەیلوولی 2023.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، کارەکانی هێزەکانی پشتیوانی 1 و 2 لەگەڵ فەرماندەیی 2 (دەڤەری دوو) لە قۆناخی کۆتاییدان و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەکرێن.
ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ دووشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە قارەمانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیەنین."
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆریان داوە تاوەکو ئەم پرۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەن. گوتیشی: "بڕوای تەواومان وایە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە، وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن."
سەبارەت بەو ئەفسەرانەی کە ناویان لەم خشتانەدا نییە، شۆڕش ئیسماعیل دڵنیایی پێدان و گوتی: "دڵنیایی بەو ئەفسەرانە دەدەین کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە."