لە فڕۆکەخانەی کاتماندۆ فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی تورکیا گڕ دەگرێت

بەرپرسانی نیپاڵ رایانگەیاند، رۆژی دووشەممە پاش نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا لە کاتماندۆی پایتەخت، یەکێک لە تایەکانی گڕی گرت، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر.

دووشەممە 11ی ئایاری 2026، گیانێندرا بەهول، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی لە نیپاڵ بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سەرجەم 277 سەرنشین و 11 ئەندامی تیمی فڕۆکەی جۆری ئایرباس A330 کە لە ئیستانبوڵەوە گەیشتبووە کاتماندۆ، لە رێگەی دەرچە فریاگوزارییەکانەوە دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە گواستراونەتەوە و هیچ کەسێک بریندار نەبووە.

گوتەبێژەکە گوتیشی: "ئاگرەکە لە تایەی دواوەی لای راستی فڕۆکەکە کەوتووەتەوە، تیمەکان توانییان ئاگرەکە بکوژێننەوە و فڕۆکەکەش بۆ رێڕەوی تاکسی (taxiway) راکێشرا، فڕۆکەکەش ئێستا لەکار وەستاوە."

لای خۆیەوە هێڵی ئاسمانی تورکیا (تورکیش ئێرلاین) رایگەیاند، لە کاتی رۆیشتنی فڕۆکەکە لەسەر رێڕەوی نیشتنەوە، دوکەڵ لە شوێنی دانیشتنی فڕۆکەکە (landing gear) بینراوە و دەستبەجێ پشکنینی تەکنیکی بۆ فڕۆکەکە دەستیپێکردووە.

یەحیا ئوستون، یاریدەدەری سەرۆکی هێڵی ئاسمانیی تورکیا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاویکردەوە: "هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە دوکەڵەکە بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی لە بۆرییەکی هایدرۆلیکی بووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە گەشتێکی دیکە بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان و گەڕانەوەیان رێکخراوە.