سەرۆکی ئارامکۆ: بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز هەفتانە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکان کەم دەکات
سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی، هۆشدارییەکی توندی دا کە بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی پەککەوتنی یەکجاریی بازاڕی وزە و ڕایگەیاند جیهان تاوەکو ئێستا یەک ملیار بەرمیل نەوتی بەهۆی ئەم قەیرانەوە لەکورتی داوە.
ئەمین ناسر، سەرۆکی جێبەجێکاری زەبەلاحی نەوتی جیهان ئارامکۆ، رۆژی دووشەممە 11ی ئایار رایگەیاند، ئەگەر ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز بەردەوام بن، بازاڕی نەوتی جیهانی هەفتانە رووبەڕووی کورتهێنانی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێتەوە.
ناسر ئاشکرای کرد لە دوای دەستپێکردنی ململانێکانەوە، بازاڕی جیهانی بەهۆی پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا، نزیکەی یەک ملیار بەرمیل نەوتی لەکورتی داوە. هەرچەندە بەشێکی ئەم زیانە لە رێگەی کۆگاکان و رێڕەوە جێگرەوەکانەوە قەرەبوو کراوەتەوە، بەڵام بڕەکە زۆر لەوە گەورەترە کە بە ئاسانی جێگەی پڕبکرێتەوە.
سەرۆکی ئارامکۆ ئەم قەیرانەی ئێستای بە گەورەترین شۆکی دابینکردنی وزە لە مێژوودا وەسف کرد. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەم بارودۆخە درێژە بکێشێت، ئاساییبوونەوەی تەواوەتی بازاڕی نەوت رەنگە بۆ ساڵی 2027 دوابکەوێت. گوتیشی: "تا ئەو کاتەی هورمز داخراو بێت، پڕۆسەی کەمکردنەوەی بەکاربردنی زۆرەملێ بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ کردنەوەیدا پێشبینی گەشەیەکی یەکجار بەهێز بۆ داواکاریی نەوت دەکەین."
لە وەڵامی ئەم تەحەدایانەدا، ئەمین ناسر ئاشکرای کرد کە ئارامکۆ کار بۆ فراوانکردنی رێڕەوەکانی دەرەوەی گەرووی هورمز دەکات، بەتایبەت تێرمیناڵی دەریای سوور، تاوەکو بتوانێت بەشێک لە نەوتەکەی بێ تێپەڕبوون بە هورمزدا بگەیەنێتە بازاڕەکان و توانای بەرگەگرتنی وڵاتەکە لە بەرانبەر ململانێکاندا بەهێزتر بکات.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئارامکۆ نیشانەی ئەو مەترسییە گەورەیەین کە بەرۆکی ئابووری جیهانی گرتووە، لە کاتێکدا تاران و واشنتن هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی ئەم رێڕەوە ستراتیژییە.