ترەمپ باج لەسەر بەنزین هەڵدەگرێت و نەوتی یەدەگ بە بازاڕ دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی بەپەلەی بۆ کەمکردنەوەی باری دارایی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی راگەیاند؛ ئەمەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆی ئەمریکادا.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، نیازی هەیە "باجی فیدراڵی لەسەر بەنزین" رابگرێت، وەک هەنگاوێک بۆ یارمەتیدانی خێزانە ئەمریکییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرانبوونییە چاوەڕواننەکراوەی بەهۆی جەنگەوە دروست بووە.

ئەم بڕیارانەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی تووشی شڵەژان کردووە و بووەتە هۆی بازدانێکی گەورە لە نرخەکانی نەوتدا. لە هەوڵێکی دیکەشدا بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکە، ئیدارەی ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند؛ بڕی 53.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا رادەکێشن و دەیخەنە بازاڕەوە.

سەبارەت بە ئاسۆی چارەسەری سیاسی، سەرۆک ترەمپ هۆشداریی دا و رایگەیاند؛ پرۆسەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە و تەنیا "لەسەر پشتیوانیی ژیان ماوەتەوە". ناوبراو ئاشکرای کرد، ناکۆکی لەسەر چەند داواکارییەک هەیە، لەوانە: کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر ئێران، دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی تاران و پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، کە ئەمانە رێگرن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی.

ئەم هەنگاوانەی واشنتن هەوڵێکی تاقیکارییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و رێگریکردن لە سستبوونی ئابووری، لە کاتێکدا گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو بەرەو ئاراستەیەکی نادیار دەڕۆن.