ئەگەری هەیە پێنجشەممە متمانە بە کابینەکەی زەیدی بدرێت
بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی زەیدی کۆببێتەوە.
هەمان سەرچاوە گوتیشی: "ئەمە ئەگەرە، بەڵام ئەگەر پێنجشەممەش کۆنەبێتەوە ئەوا هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و متمانە بە کابینەکەی عەلی زەیدی دەدات".
دوێنێ دووشەممە، 11ـی ئایار، رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردبووەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران هاتووتەوە عێراق و بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتووە، "نابێت دەنگ بە کابینەیەک بدەن کە کاریگەری تەواوی ئەمریکای لەسەر بێت".
سەرچاوەیەکی دیکە قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و گوتی: "هاتنی قائانی بۆ ئەوە بووە کە فشار لە لایەنەکان بکات بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی عێراق زوو پێکبهێندرێت و درەنگ کەوتنی لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە".
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر تا پێنجشەممە پەرلەمان کۆنەبێتەوە، ئەوا رەنگە 100 پەرلەمانتاری عێراق بچنە حەج و پەرلەمان نەتوانێت کۆبێێتەوە و متمانە بە کابینەکەی عەلی زەیدی بدات".
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد؛ بەڵام تا ئێستا پەرلەمان هیچ وادەیەکی بۆ متمانەدان بە کابینەکەی دانانەوە.
بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو تەنیا 30 رۆژی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان.
پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق بەردەوام بەپێی بنەمای پشکپشکێنە و رێککەوتنی لایەنە سەرەکییەکان بەڕێوە دەچێت و زۆرجار رووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە.