کوردستان24 ناوی کاندیدانی شیعە و سووننە بۆ کابینەی نوێ بڵاودەکاتەوە
بەپێی بەدواداچوونی کوردستان24، لیستی ناوی کاندیدانی لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سوننە بۆ وەزارەتە جیاوازەکان و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران ناکۆکۆی زۆری لەسەرە. بۆ هەندێک وەزارەت زیاتر لە سێ ناو کاندید کراون و هێشتا پرسی ژمارەی جێگرانی سەرۆکوەزیران یەکلایی نەبووەتەوە.
ململانێی سەرەکی لەسەر پۆستە سیادییەکانە. بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران سێ ناو خراونەتە روو، ئەوانیش موحسین مەندەلاوی و موسەننا سامەڕایی و لەیس خەزعەلین. لایەنە شیعەکان ناکۆکییان لەسەر ئەم پۆستە هەیە لە نێوان هاوپەیمانیی ئەساس و بزووتنەوەی سادیقوون، چونکە هەردوولا داوای دەکەن. لە کاتێکدا پشکی کورد بۆ ئەم پۆستە لای پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلایی بووەتەوە.
سەبارەت بە وەزارەتە سیادییەکانی وەک نەوت و دارایی، کێبڕکێی تووند لە نێوان کاندیدەکاندا هەیە. بۆ وەزارەتی نەوت هەر یەک لە حەییان عەبدولغەنی و ئیحسان عەبدولجەبار و باسم محەممەد کاندیدن، بەڵام ئەگەری زۆرە پۆستەکە لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی یەکلایی ببێتەوە.
بۆ وەزارەتی داراییش ململانێ لە نێوان تەیف سامی و محەممەد دەراجی هەیە، بەشێک لە لایەنەکان داوای مانەوەی تەیف سامی دەکەن و سەرچاوەیەکیش ئاماژەی بەوە کرد، عەلی زەیدی سەرپشک کراوە بۆ ئەوەی کەسێک بۆ ئەو وەزارەتە دیاری بکات.
بۆ وەزارەتی بەرگری، خالید عوبەیدی و سابت عەباسی کاندیدن، بەڵام لایەنە سوننەکان تاوەکوو ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە پۆستەکە بۆ کام لایەن بێت.
وەزارەتی ناوخۆش ناکۆکییەکی زۆر تووندی لەسەرە و عەبدولئەمیر شەممەری و عومەر وائیلی و یاسر سخێل کاندید کراون. سەرچاوەکان روونیشیان کردەوە، ئەگەری زۆرە یاسر سخێل پۆستەکە وەربگرێت.
بۆ زۆربەی وەزارەتەکانی دیکە چەندین کەسایەتی کاندید کراون. بۆ پلاندانان مەحموود قەیسی و رەعد دەهلەكی و محەممەد تەمیم کاندیدن، ئەگەری زۆرە لای محەممەد تەمیم بمێنێتەوە.
بۆ وەزارەتی پەروەردە، میقدام جومەیلی و نەعیم عەبوودی و جاسم عەتییە کاندیدن، رەنگە قەیس خەزعەلی ئەم وەزارەتە لەگەڵ خوێندنی باڵا ئاڵوگۆڕ بکات. بۆ وەرزش و لاوان، ئەحمەد موبەرقەع و عەبدولحوسێن عەبتان و عەدنان دەرجال پێشنیاز کراون، بەڵام عەبتان بەهێزترین کاندیدە.
هەر سەبارەت بە وەزارەتەکانی دیکە، پیشەسازی لە نێوان محەممەد نووری و ناسڕ کازمە. رۆشنبیری لە نێوان یاسین عیساوی و بەدر فەحل و ئەحمەد نەسڕوڵڵایە. بۆ کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش ئەحمەد ئەسەدی و رائید جەبار کاندیدن.
لە هەندێک وەزارەتدا لایەنەکان لەسەر تەنیا یەک کاندید گەیشتوونەتە رێککەوتن. بۆ تەندروستی، ساڵح حەسناوی دیاری کراوە، بۆ خوێندنی باڵا عەلی شوکر کاندیدە. هەروەها زیاد فازڵ بۆ کارەبا و هەیام یاسری بۆ گەیاندن و عامر عەبدولجەبار بۆ گواستنەوە و موزەر کەڕەوی بۆ بازرگانی تاکە کاندیدی یەکلاییکراوەن، هەرچەندە هێشتا کێشە لەسەر وەزارەتی کارەبا بەردەوامە.