سەفین دزەیی: هەندێک کەس لە ناو حکوومەتی فیدراڵدا وەک وڵاتێکی بێگانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.

دزەیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاری ناوچەکەدا بووە و تێیدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی، هاوکارییەکان لە بواری ووزە و ئابووری، و هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری لە ناوچەکە کراوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە سیاسەتی دوورەپەرێزی لە ململانێ هەرێمییەکان.

دەقی چاوپێکەوتنەکەی سەفین دزەیی لەگەڵ کوردستان24

کوردستان24:  کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لەو کاتە هەستیارەدا بوو. چی لەو کۆبوونەوانەدا باس کرا؟

سەفین دزەیی:  لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بارودۆخێکی زۆر نائاسایی و شەڕ و گرژی تێپەڕدەبێت، هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو پێکدادانە، بەڵام بەداخەوە کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشەوە و زیاتر لە 150 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراوە، لە ژێرخانی ئاو و وێستگەکانەوە تا خەڵکی سڤیل، کە بوونە قوربانی، هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکرێت و بە پێی ئەو سیستەمەی کە هەیە، بەشێکی زۆر لەو درۆن و مووشەکانە تێکشکێنراون، بەڵام بەشێکیشی ئامانجیان پێکاوە و زەرەر و زیانی لێکەوتووەتەوە.

سەردانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو. کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، وەزیری وزە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بوو، کە کۆبوونەوەیەکی گشتی و فراوان بوو، لە ڕاستیدا لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، بە وردی باس لە بارودۆخی ئێستا کرا و دید و بۆچوونی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا و بیروڕا ئالوگۆڕ کرا، هەروەها لەسەر ئەو هەوڵانەی کە لە ئارادایە بە مەبەستی گەڕانەوەی سەقامگیری و کۆتاییهاتنی شەڕ و گرژی و لە هەمان کاتیش ئەو پەیوەندییە دوولایەنە بەهێزەی کە لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە هەیە، تا ڕادەیەک دەکرێ بڵێین لە بواری ئەمنی، کۆمەڵایەتی، وزە و ئاویشدا باسی لێوە کرا، ئەمانە بابەتی سەرەکی بوون لە کۆبوونەوەکاندا.

کوردستان24: بۆچوونی ئەردۆغان لەسەر ئەو هێرشانەی کە کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان چی بوو؟

سەفین دزەیی: بێگومان یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بوو. دڵگرانی خۆیان دەربڕی بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەی کە کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشییان لە سەرۆکوەزیران کرد بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە گیانیان لە دەست دا و ئەوانەی کە بریندار بوون، بەتایبەتیش بەئامانجگرتنی هەندێک دامودەزگای فەرمی و ژێرخانی ئاو و ماڵی سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە کرا کە پێویستە بەغدا زیاتر هەنگاو بنێ؛ بە تایبەتی ئەو هێرشانەی کە لە ناو خودی عێراقەوە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەغدا دەبێ هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ ڕێگرییکردن لەو دەستدرێژییانە.

کوردستان24: ئەردۆغان لە بارەی جەنگیی ئێرانەوە چۆن باسی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی کرد؟

سەفین دزەیی: بەڵێ، سوپاس و ڕێز و تەقدیری بۆ هەڵوێستی هەرێم هەبوو، بەتایبەت، سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە شێوەیەکی دراوسێیانە مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخەکە کردووە و هەوڵی جددییان داوە بۆ ئەوەی تێنەوەگلێن و نەبنە بەشێک لەو شەڕ و پێکدادانە.

کوردستان24: ئێستا لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان هەناردە دەکرێت. ئەم بابەتە تا چەندە بۆ تورکیا و بۆ کوردستان گرنگە؟

سەفین دزەیی: لە دوای ئەو شەڕ و پێکدادانەوە، بازاڕی وزەی جیهانی تینووی ئەو نەوتەیە کە لە عێراق و کەنداوەوە دەچێت، کە ڕێژەکەشی کەم نییە؛ زیاتر لە 20 بۆ 25 لەسەدی وزەی جیهانی بە لای کەنداوە تێپەڕدەبێت. بە داخستنی گەرووی هورمز، وای کردووە ئەو نەوتە نەگاتە بازاڕەکانی جیهان و کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان هەبێت. ئەوەی کە بە ڕێگەی هەرێمی کوردستان و ئەو بۆریە نەوتەی کە جاران بەداخەوە راوەستابوو، لە ماوەی شەش-حەوت مانگی ڕابردوو دەستی پێکردەوە، ڕێژەکەی هەناردەکردنی کەمە. ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت، بە هۆی ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر ڕاوەستابوو، پێویستی بەوەیە ئەو کۆمپانیایانە دووبارە کار بکەن بۆ زیادکردنی بەرهەمیان. ئەوەی کە لە کەرکووکەوە دەهێنرێت، تا ئێستا ڕێژەکە نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، بەڵام ئەوەش پێشوازی لێکرا و دەستخۆشی لێکرا کە هەرێمی کوردستان هاوکار و هەماهەنگە لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان. هەرچەندە ڕێژەکە زۆر کەمە بەراورد بەوەی کە لە بەسرەوە هەناردە دەکرێت، بەڵام جێگەی خۆی دەگرێت و هەوڵیش دەبێت بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت لە هەرێم و کەرکووک و هەناردەکردنی بە ڕێگەی تورکیا. جگە لەوە، هەندێک بابەتی تریش لە ڕووی وزە و کاری هاوبەش لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و خودی عێراقی فیدراڵدا باسیان لێوە کرا.

کوردستان24: لە بواری بازرگانیەوە کۆمەڵێک پرسی گرنگ هەن، بۆ نموونە (ئەسیکۆدا) کە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکن گفتوگۆی لەسەر دەکەن؟ ئەم بابەتە بەلای تورکیا چۆنە؟

سەفین دزەیی: بەداخەوە هەندێک لە ناو حکوومەتی فیدراڵیدا وەک وڵاتێکی بێگانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش لە ڕێگەی زیادکردنی باج و دانانی بەربەست لە هەناردەکردنی بەروبوومی خودی کوردستان بۆ بەشەکانی تری عێراق دەردەکەوێت، ئەوەی کە لە وڵاتانی تریش بە ڕێگەی تورکیاوە دێتە هەرێمی کوردستان و دەربازی عێراق دەبێت. ئەو سیستەمەی کە باس دەکرێت، خۆی لە ڕاستیدا بۆ شەفافیەتی زیاتر و بۆ ڕێکخستن و ڕێگرییکردن لە گەندەڵییە. ئێمە وەک حکوومەت رەتمان نەکردووەتەوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی (ئەسیکۆدا)، هەرێمی کوردستان خۆی لەسەر سیستەمێک کاری کردووە کە ئێستاش بەردەوامە بۆ ئەوەی بگاتە کۆتاییەک. لێرەدا دیارە بەغدا کەمێک پەلەی کردووە.

کوردستان24: ئایا ئەم بڕیارە تورکیای نیگەران کردووە؟

سەفین دزەیی: بێگومان، چونکە ئەو کاڵانەی کە لە تورکیا دێن، ماوەیەکی زۆر دوا دەکەون، یاخود باجی زیاتریان دێتە سەر، ئیتر ئەوەش کاریگەریی لەسەر بازاڕی تورکیاش دەبێت. بەڵام گفتوگۆیەکی باش لەم دواییە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە و تا ڕادەیەک تێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی گرفتەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. بۆ ئەوەی هاووڵاتی زیاتر زەرەرمەند نەبێت، پێویستە تێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

کوردستان24: ئەردۆغان پرۆتۆکۆلی شکاندووە لە کاتی ماڵاوایی کردن لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەوە چۆن بوو؟

سەفین دزەیی: لە ڕاستیدا سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، گفتوگۆکان چڕ بوون لەسەر بارودۆخ و هەماهەنگی و کاری هاوبەش. کۆی کۆبوونەوەکانی پێشتریش کە باسم کرد، لە لای سەرۆککۆماردا بوو و بەڕێزیشیان ڕای خۆی دا و پاڵپشتیی کرد. دوای ماڵاوایی کردن، سەرۆککۆمار تا حەوشەی "دۆڵمە باخچە" هات بۆ بەڕێکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و شاندەکە. ئەوەش جێی سوپاس و رێزە و پیشاندەری ئەوەیە کە پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی پەتەو و دۆستانەیە.

کوردستان24: شکاندنی پرۆتۆکۆل لە عورفی دیپلۆماسیدا چی دەگەیەنێت؟

سەفین دزەیی: خۆی لە هەموو شوێنێک پرۆتۆکۆل هەیە، تەنانەت لە سەرۆکایەتی کۆماریش، بەڵام هەندێک سەرۆککۆمار یان وەزیر زۆر جار بە هۆی نزیکبوون و دۆستایەتی یان ویستی ئەوەی کە زیاتر ڕێز لە میوانەکە بگرن، سەرپێچی لە پرۆتۆکۆل دەکەن، ئیتر ئەوەش شتێکە کە پەیوەستە بە خۆیانەوە.

کوردستان24: ئەگەر هاتە دەرەوە چی پێگوت؟ ئەردۆغان چی بە سەرۆکوەزیران وت؟

سەفین دزەیی: دووبارە جەختکردنەوە لەسەر دۆستایەتی و نزیکبوونەوە و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان بوو، سڵاو و ڕێزی خۆیشی گەیاند بە سەرۆک بارزانی، و هیوای خواست کە کوردستان ئارام بێت و پەیوەندییەکان بەردەوام بن و دانوستاندنی زیاتریش هەبێت.

کوردستان24: چۆن باسی رۆڵی سەرۆک بارزانی کرا لە کۆبوونەوەکاندا؟

سەفین دزەیی: لە ساڵی 91ەوە کە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا دروست کرد، لە شوباتی 92 بوو کە سەرۆک بارزانی یەکەم جار سەردانی تورکیای کرد، ئەو کاتە ئۆزال سەرۆککۆمار بوو و دەمیرەل سەرۆک وەزیران بوو، پێشوازییان لێ کرد. پەیوەندییەکان لەو کاتەوە ڕاستەوخۆ بوون لەگەڵ سەرۆک بارزانی. دواتر حکوومەتی هەرێم پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم دروست کرد، هەمیشە و هەموو کاتێکیش جەنابی سەرۆک بارزانی وەکومەرجەبینە و بەو شێوەش مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و ڕێزێکی تایبەتیان هەیە بۆی.

کوردستان24: لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان چۆن بینرا ؟

سەفین دزەیی: ئەو پرۆسەیەی کە دەستی پێکرد، جیاوازییەکەی لەگەڵ پرۆسەکانی پێشووتر ئەوەیە کە لە ژێر قوبەی پەرلەمان کۆمیسیۆنێکی تایبەت پێکهاتووە، کە زیاتر لە 95 لەسەدی پارتەکان کە لە ناو پەرلەمان هەن، تێیدا بەشدارن. زیاتر لە 20 کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکانی شارەزا و پسپۆڕ گفتوگۆیان کردووە و ڕاپۆرتێکیان ئامادە کردووە. ئێستا لە قۆناغێکداین کە باس لەوە دەکرێت، پێویستە هەندێک هەنگاوی یاسایی یان چاکسازی لە یاساکان بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت و چارەسەرێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی تورکیا سوودمەند بن، بە تایبەتی کوردیش بتوانێت مافەکانی دەستەبەر بکات. ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بێگومان ڕۆڵێکی بەرچاو بووە و سوپاس و پێزانیی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانەی تائێستا دەربڕی.

کوردستان24: هاتوچۆی باش لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەیە، سەردانەکان بەردەوامن. بەڵام نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا نییە، بە نیاز نین ئەم نوێنەرایەتییە بکەنەوە؟ هیچ قسەتان لەسەری نەکردووە؟

سەفین دزەیی: چەند جارێک باس کراوە و لە سەرەتادا بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیی لێ کرا. ئێمە لە چەند وڵاتێکی تریش نوێنەرایەتیمان هەیە. حەوت وڵاتی عەرەبی نێردەی دیپلۆماسییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام من لە هیچ وڵاتێکی عەرەبی نوێنەرایەتیمان نییە، تەنها لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕووسیا هەیە. بەڵام ئێمە بە حەقیقەت بە پێویستی دەزانین، بەڵام بە هۆی بارودۆخە ئابوورییەکەوە، دمانەوێ ئەگەر نوێنەرایەتی بکەینەوە، پەیکەرێکی تایبەتی هەبێت، هەم لە ڕووی ژێرخان و ستاف و بوودجە. ئیتر کاری لەسەر دەکەین بە هیوای ئەوەی لە داهاتوودا چەند نوێنەرایەتییەکی تریش زیاد بکەین.

کوردستان24:  تۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا کۆبوویەوە و پەیامی سەرۆکوەزیرانتان گەیاند، چییان گوت؟ 

سەفین دزەیی: لە دوای ئەو گرژی و شەڕ و پێکدادانەی کە لە ناوچەکە ڕوویدا، نێردە دیپلۆماسییەکان بیر و بۆچوونی ڕاپۆرتی خۆیان دەگەیەننە وڵاتەکەی خۆیان. بەڵام بە پێویستمان زانی ڕاستەوخۆ لە ئێمە ببینن. ئیتر لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، خاتوو بەیان بەرەو ئەمریکا چوو، منیش چوومە چەند وڵاتێکی ئەوروپی، لە فەڕەنسا دەستمان پێکرد، لە بەلجیکا هەم لە برۆکسل لە یەکێتی ئەوروپا و لەگەڵ حکوومەتی بەلجیکا، هەروەها لە هۆڵەندا، بەریتانیا و نەمساش. دیدارەکانمان لە ئاستێکی بەرزدا بوون، لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە، راوێژکاران و راوێژکاری ماکرۆن لە ئیلیزێ و کۆمەڵێک کەسایەتی تر. پەیامی خۆمانمان گەیاند، بە راستی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و نەهامەتییەکان و ئەو دەستدرێژییانە و لە هەمان کاتیش باس لە بارودۆخی ناوخۆ، لە رووی ئابووری، سیاسی، پێکهێنانی حکوومەتی بەغدا و هەرێم و رۆڵی ئەوروپا لە پاڵپشتیی هەرێم کرد،  ئەوانەی روویان لە کوردستان کردووە، چ وەک خوشک و براکانمان لە سووریا، یان لە شوێنی تر و لە خودی عێراق. پێویستە ئەو ناوچەیە پارێزراو بێت لە رووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و رووبەڕووبوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان، کە جێی بایەخیانە و گفتوگۆیان لەسەر کراوە.

کوردستان24: لە بارەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە دوای ئەو ئاگربەستە کاتییەی کە راگەیەنرا، بۆچوونی وڵاتانی ئەوروپا و ناوەندە گرنگەکانی بڕیار لە ئەوروپا چی بوو؟

سەفین دزەیی: لە راستیدا جێی سەر سوڕمان بوو بۆ ئەوان کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و هەڵوێستی خۆشی بە ڕوونی ئاشکرا کردبوو، کە نابێتە بەشێک لەو شەڕە و نابێت هەرێمی کوردستان بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی دژایەتی وڵاتانی دراوسێی تێدا بکرێت، هەمیشە داوای کردووە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن. بەڵام بەداخەوە هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی میلیشیاکان و خودی ئێران. ئەوە بۆ ئەوان جێی سەر سوڕمان بوو کە چۆن بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، گوتیان بە رێگەی خۆیان لەگەڵ بەغداش قسە دەکەن، کە رێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ رێگرییکردن لەو میلیشیانە و بە هەمان شێوە لەگەڵ ئێران و دووبارە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها سڵاو و رێزی خۆیان گەیاندە سەرۆک بارزانی، و هیوای خواست کە کوردستان ئارام بێت و پەیوەندییەکان بەردەوام بن.