هاکان فیدان: گەڕانەوەی شەڕ تەنیا وێرانکاری زیاتری لێ دەکەوێتەوە
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و وێرانکارییەکانی ناوچەکە کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەکارنەهێنانی گەرووی هورمز وەک چەک، هەم بۆ سەقامگیری ناوچەکە و هەم بۆ ئابووری جیهان گرنگییەکی زۆری هەیە، هیوادارین گەرووی هورمز بکرێتەوە و ئازادی هاتوچۆی دەریایی تێدا پارێزراو بێت، شەڕ چارەسەر نییە و تەنها وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
هەروەها گوتی: گەڕانەوەی شەڕ تەنیا وێرانکاری زیاتری لێ دەکەوێتەوە، ئەو پەرەسەندنانەی لە ناوچەکەدا دەیانبینین، وادەکات زیاتر لەگەڵ قەتەر لە راوێژ و هاوپشتیدا بین و قەتەر پشتگیرییەکی زۆری ئەو گفتوگۆیانە دەکەین کە پاکستان سەرکردایەتییان دەکات، چونکە هەردوولا دەمانەوێت شەڕ ڕابگیرێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لە پشتگیری و هەڵوێستی پاکستان دەکاتەوە و هیوادەخوازێت هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ بەرهەمدار بن.
هاکان فیدان ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل بووەتە کێشەیەکی ئەمنیی جیهانی و چاوەڕوان دەکەم رای گشتی جیهان دژی سیاسەتەکانی بوەستێتەوە.