کوەیت چوار چەکداری سوپای پاسدارانی دەستگیرکرد
وەزارەتی ناوخۆی کوەیت رایگەیاند، هێزەکانیان رووبەڕووی گرووپێکی دزەپێکەری سوپای پاسدارانی ئێران بوونەتەوە کە ویستوویانە بچنە ناو دوورگەی بوبیان. لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا سەربازێکی کوەیتی بریندار بووە و چوار چەکداری ئێرانیش دەستگیر کراون.
وەزارەتی ناوخۆی کوەیت، سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە توانیویانە چوار کەس دەستگیر بکەن کە لە رێگەی دەریاوە دزەیان کردووەتە ناو سنوورە ئاوییەکانی کوەیت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە ئەندامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. ئەوان ئاشکرایان کردووە راسپێردراون بۆ ئەوەی لە رێگەی بەلەمێکی ماسیگریی بەکرێگیراوەوە، دزە بکەنە ناو دوورگەی "بوبیان" (گەورەترین دوورگەی کوەیت) بە مەبەستی ئەنجامدانی "کردەوەی دوژمنکارانە" دژی وڵات.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا، لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنیاندا، دزەپێکەرەکان رووبەڕووی هێزە چەکدارەکانی کوەیت بوونەتەوە. لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا، کارمەندێکی هێزەکانیان بریندار بووە. هەروەها ئاشکرا کرا کە دوو ئەندامی تری گرووپە ئێرانییەکە توانیویانە بەرەو ئاراستەیەکی نادیار رابکەن.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، وەزارەتی دەرەوەی کوێت باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکە بانگهێشت کرد و یاداشتێکی توندی ناڕەزایەتیی رادەست کرد. کوەیت ئەم هەنگاوەی ئێرانی بە "کردەوەیەکی دوژمنکارانە" وەسف کرد.
حکوومەتی کوەیت جەختی کردەوە، کە بەپێی ماددەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو مافێکی پاراستنی سەروەریی خاکی خۆی هەیە و رێگە نادات هیچ لایەنێک ئاسایشی وڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە.
دوورگەی بوبیان کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای کەنداو، گەورەترین دوورگەی کوەیتە و بایەخێکی ستراتیژیی گەورەی هەیە بۆ پاراستنی کەناراوەکان و جووڵەی دەریایی وڵاتەکە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی هەوڵی دزەکردنی هێزە ئێرانییەکان بووە بۆ ئەو ناوچەیە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رۆژی شەممە 9ی ئایاری 2026 رایگەیاندبوو، بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و راپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئەوەی لێکۆڵینەوەکانی پێشووی داواکاریی گشتی لە دۆسیەکانی سیخوڕیی بیانییەکان و هاوسۆزانی لەگەڵ دوژمنکارییەکانی ئێراندا هاتبوو، سەلمێندران و دەزگا ئەمنییەکانی بەحرەین توانیان شانەیەکی 41 کەسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرا و دەستگیر بکەن.