ترەمپ بۆ کوردستان24: سەردانەکەم بۆ چین ئەرێنی دەبێت
سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە ئێران لە رووی سەربازییەوە "بە تەواوی لەناوچووە" و تەنیا بژاردەی رێککەوتنی لەبەردەم ماوە، هاوکات ئاشکرای کرد کۆبوونەوەیەکی "مێژوویی" لەگەڵ شی جینپینگ سەردانی چین دەکات و جەنگی ئۆکرانیاش بەرەو کۆتایی دەچێت.
سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ چین لە وەڵامی پرسیارێکی بەرپرسی نووسینگەی "کوردستان24" لە واشنتن، گوتی: "سەردانەکەم بۆ چین ئەرێنی دەبێت و کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە پێشوەختە پەیوەندیی لەگەڵ سەرکردایەتیی چین هەبووە و گوتی: "قسەم لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کردووە؛ دەتوانم بڵێم هەردووکمان بە پەرۆشین بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە."
هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەیژینگ بە رۆژنامەنووسەکانی دیکەی راگەیاند: "پەیوەندییەکی یەکجار گەورەمان لەگەڵ چین هەیە، ئێمە دوو زلهێزی جیهانین. من گفتوگۆیەکی درێژ لەگەڵ شی جینپینگ دەکەم، بەڵام پێموانییە بۆ پرسی ئێران پێویستم بە یارمەتی ئەو بێت."
هەروەها ستایشی هەوڵەکانی پاکستانی کرد و ئاماژەی دا، "بەرپرسانی پاکستان، هەم سەرۆک وەزیران و مارشاڵەکەیان، زۆر نایاب و باشن و وەک نێوەندگیر کاری مەزنیان کردووە."
ترەمپ گوتی: "هێزی دەریایی ئەوان نەماوە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، سیستەمی دژە فڕۆکە و رادارەکانیان نەماوە، تەنانەت سەرکردەکانیشیان نەماون. هەموویان لەناوچوون." جەختیشی کردەوە کە ئێران لە رووی سەربازییەوە دۆڕاوە و تەنیا دوو رێگەی لەبەردەمە: "یان کارێکی راست دەکەن (ڕێککەوتن)، یان ئێمە کارەکەیان لەسەر تەواو دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی پێیان وایە ئێران دەبێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و گوتی: "هەر کەسێک پێی وا بێت ئێران دەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوا کەسێکی ژیر نییە. گوتیشی: "تەنیا شتێک کە بۆ من گرنگ بێت لە کاتی بیرکردنەوە لە ئێران، ئەوەیە کە نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. ئەوان نابێت ئەو چەکەیان هەبێت و ناشیان بێت، ئەمە سەدا سەد جێگیرە."
ترەمپ بەرگری لە بڕیاری جەنگ کرد و ئاماژەی دا، "پێش شەڕ هەڵاوسان 1.7% بوو، ئێمە بژاردەیەکمان لەبەردەم بوو: یان رێگە بدەین ئەم کەسانە ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان رێگرییان لێ بکەین. ئێستا بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا لە بەرزترین ئاستدایە لە مێژوودا، کە ئەمە زۆر کەسی تووشی سەرسووڕمان کردووە."
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک بکرێت، دەبێت رێککەوتنێکی "باش" بێت کە بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکا و تەنانەت گەلی ئێرانیشی تێدا بێت، بەڵام دووپاتی کردەوە کە "ئێمە یاری ناکەین" و تاران هیچ بژاردەیەکی تری جگە لە تەسلیمبوون بە مەرجەکانی واشنتن لەبەردەم نەماوە.
سەبارەت بە سەردانیکردنی رووسیا، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: هەر کاتێک پێویست بێت ئەو سەردانە ئەنجام دەدەم، دووپاتیشی کردەوە، جەنگی ئۆکرانیا نزیکە لە کۆتایی.