ئێران تۆمەتەکانی کوەیت رەت دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی راگەیەندراوەکەی کوەیتی دایەوە و رایگەیاند، کە ئەو چوار کەسەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کوەیتەوە دەستگیرکراون، بەهۆی تێکچوونی سیستەمی کەشتیوانییەکەیانەوە بە هەڵە چوونەتە نێو ئاوەکانی کوەیت.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، بە فەرمی ئەو تۆمەتانەی حکوومەتی کوەیتی رەت کردەوە کە باسیان لە پلانی ئێران بۆ ئەنجامدانی "کردەوەی دوژمنکارانە" دەکرد. تاران ئەو بانگەشانەی بە "بێ بنەما" و "پڕوپاگەندەی سیاسی" وەسف کرد.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، کە ئەو چوار کەسە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون و لە چوارچێوەی ئەرکێکی ئاسایی گەڕانی دەریاییدا بوون. ئێران جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی تێکچوون و کێشە لە سیستەمی کەشتیوانی، بەلەمەکەیان ئاراستەی خۆی ون کردووە و بە هەڵە چووەتە ناو ئاوەکانی کوەیت، نەک بە مەبەستی دزەکردن یان تێکدان.

تاران حکومەتی داوای کوەیت لێکردن لە لێدوانی بێ بنەما دوور بکەونەوە؛ هاوکات دەستبەجێ رێگە بە تیمی باڵیۆزخانەی ئێران بدرێت چاویان بە دەستگیرکراوەکان بکەوێت و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر چوار کەسەکە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە جەختی لەسەر "رێزگرتن لە سەروەریی خاکی هەموو وڵاتانی ناوچەکە" کردەوە و داوای لە کوەیت کرد کە ئەم بابەتە تەنیا لە رێگە رەسمییەکانەوە پێگەیاندنی بۆ بکرێت، نەک لە رێگەی میدیا و دروستکردنی ئاڵۆزیی زیاتر.

ئەم وەڵامەی ئێران دوای ئەوە دێت وەزارەتی ناوخۆی کوەیت، هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە توانیویانە چوار کەس دەستگیر بکەن کە لە رێگەی دەریاوە دزەیان کردووەتە ناو سنوورە ئاوییەکانی کوەیت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە ئەندامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. ئەوان ئاشکرایان کردووە راسپێردراون بۆ ئەوەی لە رێگەی بەلەمێکی ماسیگریی بەکرێگیراوەوە، دزە بکەنە ناو دوورگەی "بوبیان" (گەورەترین دوورگەی کوەیت) بە مەبەستی ئەنجامدانی "کردەوەی دوژمنکارانە" دژی وڵات.