ڕۆیتەرز: سعوودیە چەندین هێرشی سەربازیی راستەوخۆی کردووەتە سەر ئێران
دوو بەرپرسی رۆژئاوا و دوو بەرپرسی ئێرانی بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یان راگەیاندووە؛ سعوودیە چەندین هێرشی سەربازیی رانەگەیەندراوی کردووەتە سەر ئێران، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی تاران لە کاتی جەنگی دواییدا کردبوویە سەر شانشینەکە.
ئەم هێرشانەی سعوودیە پێشتر هەواڵیان بڵاونەکرابووەوە، بە یەکەمین کردەوەی سەربازیی راستەوخۆی ئەو وڵاتە لە ناو خاکی ئێراندا دادەنرێت. ئەم هەنگاوە ئەوە دەردەخات کە سعوودیە "لە بەرگریی کردن لە خۆی بەرامبەر رکابەرە هەرێمییە سەرەکییەکەی، بوێرتر بووە."
بەرپرسە رۆژئاواییەکان بۆ ڕۆیتەرز ئاشکرایان کردووە، هێرشەکان لەلایەن هێزی ئاسمانی سعوودیەوە لە کۆتایی مانگی ئاداردا ئەنجامدراون. یەکێکیان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمانە تەنیا "لێدانی بەرامبەر بوون لە وەڵامی بۆردومانکردنی سعوودیەدا." تا ئێستا ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ناسنامەی ئامانجە دیاریکراوەکان پشتڕاست بکاتەوە.
لە وەڵامی داواکارییەکدا بۆ لێدوان، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ باسی ئەوەی نەکرد، ئایا هێرشەکان ئەنجامدراون یان نا. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەدایەوە.
بەگوێرەی "ڕۆیتەرز"، ئەم لێدانانە دووپاتی فراوانبوونی بازنەی ململانێکان دەکەنەوە، لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران و ناوچەکەیان بەرەو رێگایەک برد، پێشتر بە ئاشکرا دانی پێدا نەنرابوو. لەو کاتەوە، ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر هەر شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و جگە لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، ناوچە مەدەنییەکان، فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی نەوتیی کردووەتە ئامانج و گەرووی هورموزیشی داخستووە.
بەرپرسانی ئێرانی و رۆژئاوا دەڵێن؛ سعوودیە ئێرانی لەو هێرشانە ئاگادار کردووەتەوە، و دوای ئەوە پەیوەندی دیپلۆماسی چڕ و هەڕەشەی سعوودیە بۆ وەڵامدانەوەی زیاتر هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش بووەتە هۆی لێکگەیشتنێک لە نێوان هەردوو وڵات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
عەلی فایز، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی نێودەوڵەتی قەیرانەکان، رایگەیاندووە؛ هێرشە وەڵامدەرەوەکانی سعوودیە و دواتر لێکگەیشتن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، "دانپێدانانێکی پراگماتیکی هەردوولایە کە پەرەسەندنی بێ کۆنتڕۆڵ تێچوویەکی قبوڵنەکراوی دەبێت."
ئەم هێورکردنەوە ناڕەسمییە لەو هەفتەیەدا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە واشنتن و تاران لە 7ـی نیساندا لەسەر ئاگربەست رێککەوتن. بەرپرسێکی ئێرانی پشتڕاستی کردووەتەوە، تاران و ریاز لەسەر هێورکردنەوە رێککەوتوون بە مەبەستی "راگرتنی هێڕشەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان."
پێش ئەم هێرشانە، گرژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردبوو؛ لە 19ـی ئاداردا وەزیری دەرەوەی سعوودیە، رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی سەربازی پارێزراوە، و سێ رۆژ دواتر سعوودیە پاشکۆی سەربازی ئێران و چوار کارمەندی باڵیۆزخانەکەی بە "کەسی نەخوازراو" دەستنیشان کرد و دەریکردن.
ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە کەڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە نیشانی دەدەن، هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر سعوودیە لە 105 هێرشەوە لە هەفتەی کۆتایی ئاداردا، کەمبووەتەوە بۆ 25 هێرش لە هەفتەی یەکەمی نیساندا. سەرچاوە رۆژئاواییەکان دەڵێن؛ ئەو هێرشانەی دوایی لە ناو خاکی عێراقەوە بوون نەک ئێران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران هێرشە راستەوخۆکانی کەمکردووەتەوە.
هاوکات، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، ئیماراتیش بە نهێنی هێرشی سەربازی کردووەتە سەر ئێران، لەوانە هێرش بۆ سەر پاڵاوگەیەک لە دوورگەی "لاوان" لە سەرەتای نیساندا کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە. ئێران لەو کاتەدا رایگەیاندبوو پاڵاوگەکە بەر هێرشێکی دوژمنکارانە کەوتووە و لە وەڵامدا ژمارەیەکی زۆر مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی ئیمارات و کوەیت کردبوو.