پێش کۆبوونەوەی لووتکە، چین و ئەمریکا لە کۆریای باشوور دەست بە گفتوگۆ دەکەن

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی چین 'شینخوا' بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، شاندێکی چین و ئەمریکا لە کۆریای باشوور دەستیان بە راوێژی ئابووری و بازرگانی کرد، ئەمەش پێش گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ چین.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆکان لە فڕۆکەخانەی ئینچۆن لە نزیک سیئۆل بەڕێوەدەچن، ئەوەش پێش ئەو کۆبوونەوانەی بڕیارە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە پەکین لەنێوان هەردوو سەرۆکدا ئەنجام بدرێت.

هەروەها "هی لێفینگ"، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین و "سکۆت بیسێنت"، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆریای باشوور ئامادەن.

پێشبینی دەکرێت پەیوەندییە بازرگانییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی پەکین بن، کە هەردوو سەرۆکی گەورەترین دوو ئابووریی جیهان تێیدا بەشدار دەبن.

لە ساڵی 2025ـەوە ئەمریکا و چین تووشی شەڕێکی بازرگانیی سەخت بوونەتەوە کە کاریگەرییەکانی هەموو جیهانی گرتووەتەوە، ئەویش بە سەپاندنی گومرگی قورس دەستیپێکرد 

لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، ترەمپ و هاوتا چینییەکەی شی جینپینگ گەیشتنە ئاگربەستێکی کاتی لەو ململانێ بازرگانییەدا و پێشبینی دەکرێت ئەم بابەتە لە گفتوگۆکانی داهاتوودا پێگەیەکی سەرەکیی هەبێت.

یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، ئانا کێلی، جێگری یەکەمی سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، دەگاتە شاری بەیژینگ بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین.

کێڵی ئاماژەشی دابوو، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە مەراسیمی فەرمیی پێشوازی و کۆبوونەوەی دووقۆڵیی هەردوو سەرۆک بەڕێوەدەچێت. دواتر پێکەوە سەردانی "پەرستگای ئاسمان" دەکەن و ئێوارەکەشی لە بانگێشتێکی فەرمیدا کۆدەبنەوە.

هەروەها رۆژی هەینی، ترەمپ و شی جینپینگ کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن، پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.