هەولێر و بەغدا تەنیا لەسەر چوار خاڵی سیستەمی ئەسیکۆدا ناکۆکن
هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە ماوەی چوار مانگدا رێککەوتوون. سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگایەکیش دەڵێت، سیستەمە نوێیەکە کاریگەری لەسەر نرخی کەلوپەل دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکوو ئێستا سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی ئابوورین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاری لە جێبەجێکردنی پێناسەی گومرگی نییە.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو سیستەمەش ئەوەشی خستە روو، بێگومان جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا و پێناسەی گومرگیی نوێ بەهای کاڵاکان لە بازاڕەکاندا بەرز دەکاتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی: لەسەر چوار خاڵ ناکۆکین
هاوکات نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتوون لە ماوەی چوار مانگدا هەرێم
دەستبکات بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و هەردوولاش لەسەر پێناسەی گومرگی گەیشتوونەتە رێککەوتن.
نەوزاد غەفوور روونیشی کردەوە، تاوەکوو ئێستا هەولێر و بەغدا لەسەر 14 خاڵی بنەمایی رێککەوتوون و تەنیا چوار خاڵی تەکنیکی ماون رای جیاوازیان لەسەرە، بۆیە هێشتا رێککەوتنی کۆتاییان لەسەر نەکراوە.
سیستەمی ئەسیکۆدا چییە؟
سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی داتاکانی گومرگ و کۆنتڕۆڵکردنی باج و داهات. سیستەمەک زیاتر لە 100 وڵات جێبەجێ دەکرێت.
حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە ماوەی رابردوودا بڕیاری دا ئەم سیستمە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی وڵات بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە جێبەجێ بکات بە ئامانجی یەکخستنی پێناسەی گومرگی و نەهێشتنی قاچاخچێتی.