پەرلەمان متمانە بە کابینەی زەیدی دەدات؛ گەشتی حەجیش لە پەرلەمانتاران قەدەخە کراوە
پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ کۆدەبێتەوە، هاوکات گەشتی حەج لە پەرلەمانتاران قەدەخە کراوە تاوەکوو دەنگ بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و کابینەکەی دەدەن.
سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەپێدان بە حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کۆببێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەی پێنجشەممەدا دەنگ بە جێگرانی سەرۆکوەزیران نادرێت و دەنگدان بە بەشێک لە وەزیرەکانیش دەخرێتە دوای جەژن.
هەروەها موشرق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دەنگ بە کابینەی نوێ بدات و دەنگ بە 50+1ـی کابینەکە دەدرێت و ئەوانی تر دوادەخرێن.
لەلایەکی ترەوە سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 رایگەیاند، رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی حەج گەشت بۆ سعوودیە بکەن تاوەکوو دەنگ بە کابینەی نوێ دەدرێت.
بڕیار بوو ئەمساڵ دەیان پەرلەمانتار گەشت بۆ سعوودیە بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی حەج، بەڵام بە رۆیشتنیان رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکە تەواو نابێت. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێویستە پێش 48 کاتژمێر کارنامەی هەر کۆبوونەوەیەک رابگەیەنرێت و پەرلەمانتاران ئاگادار بکرێنەوە.
لە رۆژی 27ی نیسانی 2026، سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد. بەگوێرەی دەستوور تەنیا 30 رۆژ لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی راسپێردراودایە بۆ ئەوەی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات، هاوکات بڕیارە رۆژی 27ی ئایار دوایین وادە بێت بۆ پێدانی متمانە.
لە ماوەی رابردوودا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پۆستەکان دروست بوو، بەتایبەتی لە نێوان دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش وای کرد پرۆسەی متمانەدان بە کابینەکە ببێتە دوو بەش و بەشێکیان دوابخرێن.