کەرتی گەشتیاری ئێران لەنێوان بەرداشی جەنگ و ئاشتی ئیفلیج بووە
کەرتی گەشتیاری ئێران پاشەکشەیەکی توندی بەخۆوە بینیوە بەهۆی لێکەوتەکانی بەردەوامی جەنگ و پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، ئەمەش بووەتە هۆی زیانی گەورە و وەستانی نزیکەی تەواوەتی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار.
چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، حورمەتوڵا رەفیعی، سەرۆکی کۆمەڵەی نووسینگەکانی خزمەتگوزاری گەشتیاری و گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێران رایگەیاند، نووسینگەکانی گەشتوگوزار لە نەورۆزی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا هیچ چالاکییەکی ئابووری ئەوتۆیان ئەنجام نەداوە، ئاماژەی بەوەش کرد، کەرتەکە لە بارودۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی" دایە، ئەمەش بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی کرداریی کارەکانیان.
رەفیعی روونی کردەوە، بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی دراونەتە وەزارەتی کەلەپوور و گەشتیاری، تەنها لە دوو مانگی رابردوودا نزیکەی 28.57 ملیۆن دۆلار زیان بەم کەرتە کەوتووە، لەگەڵ زیان گەیشتن بەو پیشانەی پەیوەندییان بەم بوارەوە هەیە، ئاماژەی بەوەش دا ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندە راهێنراوەکان بەهۆی نەمانی داهاتەوە وازیان لە کارەکانیان هێناوە و روویان لە کارەکانی دیکە کردووە.
خەمڵاندنە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی ملیۆنێک هەلی کار بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەر بوون بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ و سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت، کە یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەککەوتنی بەبازاڕکردن و خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان.
شارەزایانی ئەم بوارە پێیان وایە، پچڕانی ئینتەرنێت لە کۆتایی شوباتی 2026ـەوە، جگە لە سنووردارکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بووەتە هۆی پەککەوتنی کەناڵەکانی بەبازاڕکردنی ئەلیکترۆنی، ئەمەش وای لە زۆرێک لە کۆمپانیاکان کردووە چالاکییەکانیان بە تەواوی رابگرن.
راپۆرتە گەشتیارییەکان جەختیان کردووەتەوە، ئەم تەنگژەیە تەنها ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکەش هەبووە، بەهۆی کەمبوونەوەی داخوازی و بەرزبوونەوەی تێچووی جیهانی وزە و فڕین، کە زیانەکانی کەرتی گەشتیاری لەسەر ئاستێکی فراوانتر قووڵتر کردووەتەوە.
بە گوێرەی دامەزراوە فەرمییەکانی ئێران، هەرچەندە ئامارێکی فەرمی و دروست لە بارەی کەرتی گەشتیاریی ئێران بەردەست نییە، بەڵام بەپێی ئامارە نا فەرمییەکان ساڵی 2022، کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی 3.7 ملیار دۆلار داهاتی تەنیا لەو کەرتە بە دەستهێناوە، لە ساڵی 2024دا بوژانەوەی زیاتری بە خۆوە بینیوە و داهاتەکە زیادی کردووە، بەو پێیە زیاتر لە 7.39 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان کردووە.