ئیتاڵیا مەرجی بۆ رەوانەکردنی کەشتیی جەنگی بۆ کەنداو دیاری دەکات

ئەرشیف
ئەرشیف

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، ئیتاڵیا رایگەیاند؛ دوو کەشتیی جەنگی بۆ نزیک ناوچەی کەنداو دەنێرێت، بەڵام جێگیرکردنی ئەو کەشتییانەی بەستووەتەوە بە گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

گویدۆ کرۆزێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ هەر ئەرکێکی ئەگەری لە گەرووی هورمز، تەنیا دوای رەزامەندیی پێشوەختەی یاسادانەران (پەرلەمان) ئەنجام دەدرێت.

کرۆزێتۆ روونی کردەوە، مەرجی سەرەکی بۆ جێگیرکردنی هێزەکان تەنیا ئاگربەستی ئێستا نییە، بەڵکو دەبێت "ئاگربەستێکی راستەقینە، باوەڕپێکراو و سەقامگیر، یان باشتر لەوە، ئاشتییەکی هەمیشەیی" بێت.

وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەش کرد، گەیشتنی کەشتییە مینڕێژەکان بۆ ناوچەکە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت. باسی لەوەش کرد، ئیتاڵیا ئێستا لە پرۆسەی جێگیرکردنی پێشوەختەدایە بۆ ئەم کەشتییانە، سەرەتا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پاشان لە دەریای سوور. گوتیشی: "تەنیا وەک رێکارێکی خۆپارێزی، کار دەکەین بۆ دانانی دوو یەکەی مینڕێژ لە شوێنە نزیکەکانی گەرووی هورمز."

هاوکات، بەریتانیا و فەرەنسا سەرکردایەتیی گفتوگۆکان دەکەن بۆ پێکهێنانی هێزێکی دەریایی ئەگەری لە ناوچەکەدا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانیی نێودەوڵەتی. ئەو دوو وڵاتەش رایانگەیاندووە، خەریکی جێگیرکردنی پێشوەختەی کەشتیی جەنگین لە دەوروبەری ناوچەکەدا.

هەر ئەمڕۆش ئوسترالیا رەزامەندی دا بە رەوانە کردنیهێز هاوشان لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا و فەرنسان.

ئێران بە کردەوە گەرووی هورمزی داخستووە، ئەمەش دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئەو وڵاتە لە 28ـی شوباتدا.

ئەم ئاڵۆزییانەی ناوچەکە بوونەتە هۆی تێکچوونی باری ئابووریی جیهانی، لە سایەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەیین و پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان. لە بەرامبەریشدا، گفتوگۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دووبارە کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە گرنگە، بە بنبەست گەیشتوون.