پووتین: لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانمان بەردەوام دەبین
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی سیستەمی مووشەکیی نوێ کە توانای بڕینی هەموو جۆرە قەڵغانێکی بەرگریی مووشەکیی ئێستا و داهاتوویان هەبێت.
چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە میانی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ "پەیمانگای مۆسکۆ بۆ تەکنۆلۆژیای گەرمی" (MIT)، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی پیشەسازیی سەربازیی رووسیا، جەختی لەسەر بەهێزکردنی توانای سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە.
ئەم پەیمانگایەی پووتین سەردانی کرد، شوێنی داهێنان و دروستکردنی گرنگترین مووشەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی رووسیایە، لەوانە سیستەمەکانی "تۆپۆڵ" (Topol)، "یارس" (Yars) و "بولاڤا" (Bulava). سەرۆکی رووسیا لەوێوە پەیامێکی توندی ئاراستەی نەیارەکانی کرد و گوتی: "بێگومان، ئێمە بەردەوام دەبین لە نوێکردنەوە و گەشەپێدانی هێزە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانمان."
پووتین ئاشکرای کرد، ئامانجی رووسیا دروستکردنی مووشەکی وایە کە خاوەن "هێزێکی جەنگیی یەکجار زۆر" بن. جەختیشی کردەوە کە ئەم مووشەکە نوێیانە بە جۆرێک دیزاین دەکرێن کە بتوانن بەسەر هەموو جۆرە سیستەمێکی بەرگریی مووشەکی دا زاڵ بن، جا ئەو سیستەمانە ئێستا هەبن یان لە داهاتوودا دروست بکرێن.
ئەم لێدوانانەی پووتین لە کاتێکدایە کە ململانێی چەکداری و کێبڕکێی سەربازی لە نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا، و مۆسکۆ دەیەوێت بەم هەنگاوانە باڵادەستیی خۆی لە بواری چەکی ستراتیژیدا بپارێزێت.