بانکی نێودەوڵەتیی UBS؛ کۆگاکانی نەوتی جیهان لە مانگی رابردوو بۆ 7.8 ملیار بەرمیل دابەزیون

بانکی نێودەوڵەتیی UBS رایگەیاند، کە یەدەگی نەوتی جیهانی بەرەو نزمترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو هەنگاو دەنێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بازاڕەکانی وزە دروست دەکات و ئیدارەی ترەمپ ناچار دەکات بە زوویی لەگەڵ ئێران رێبکەوێت.

ناوەندی بەڕێوەبردنی سامانی جیهانی لە بانکی UBS، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کرد کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بازاڕی نەوتی گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بانکەکە، کۆگاکانی نەوتی جیهان بە شێوەیەکی خێرا بەرەو خاڵی سفر دەڕۆن.

UBS ئاماژە بەوە دەدات کە کۆگاکانی نەوتی جیهان لە مانگی شوباتدا 8.2 ملیار بەرمیل بوون، بەڵام لە مانگی نیساندا بۆ 7.8 ملیار بەرمیل دابەزیون. بانکەکە پێشبینی دەکات تا کۆتایی مانگی ئایار، ئەم بڕە بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزێت و بگاتە تەنیا 7.6 ملیار بەرمیل.

راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەو هۆکارانەی تاوەکو ئێستا رێگرییان لە بازدانی نرخەکان کردبوو، وەک کەمبوونەوەی داواکاری، بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی وڵاتان و هەڵگرتنی سزا لەسەر هەندێک نەوتی ئێران و رووسیا، ئێستا هەموویان خەریکە کۆتاییان دێت. ئەمەش وای کردووە کە "پارێزەری دابینکردنی وزە لە جیهاندا بە تەواوی خاڵی ببێتەوە."

بانکە سویسرییەکە هۆشداری دەدات، ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، جیهان رووبەڕووی حاڵەتێکی ترسناک دەبێتەوە کە پێی دەگوترێت (کڕینی شڵەژاو لە ترسی نەمانی نەوت)، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی یەکجار توند لە نرخەکاندا ئابووری جیهان بەرگەی ناگرێت.

خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی راپۆرتەکەی UBS ئەوەیە کە درێژخایەنبوونی ئەم بنبەستە لە بەرژەوەندی ئێراندایە. بانکەکە دەڵێت: "تەنگبوونی بازاڕی نەوت فشاری ئابووریی یەکجار زۆر لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دروست دەکات تاوەکو بە زووترین کات بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، تەنیا بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز و پاراستنی ئابووری ئەمریکا لە هەرەس هێنان."

ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە پەکینە و هەوڵی جێگیرکردنی بازاڕەکان دەدات، بەڵام داتاکانی UBS نیشانی دەدەن کە کات لە بەرژەوەندی واشنتن نییە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشدارییەکی توند دەدات و ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێران و پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز، کۆگاکانی نەوتی جیهان بە خێراییەکی پێوانەیی خاڵی دەبنەوە و داواکاری لەسەر سووتەمەنیش بەرەو داڕمان دەچێت.

لە نوێترین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) ئاشکرای کرد کە جیهان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دروستبووە، پەنای بۆ بەکارهێنانی یەدەگە ستراتیژییەکانی بردووە، بەڵام دەرەنجامەکان مەترسیدارن.

بەپێی داتاکانی ئاژانسەکە، قەبارەی یەدەگی نەوتی جیهانی لە مانگی ئاداردا 129 ملیۆن بەرمیل و لە مانگی نیساندا 117 ملیۆن بەرمیلی دیکە کەمیکردووە.کۆی گشتی تەنیا لە دوو مانگدا، جیهان 246 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگەکانی لەدەستداوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئاژانسەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا گەورەترین پڕۆسەی ئازادکردنی یەدەگی حکومیی لە مێژووی خۆیدا راگەیاندبوو.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی دەکات کە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵاوکراوەکان ببێتە هۆی کەمبوونەوەی داواکاری؛ پێشبینی دەکرێت داواکاری جیهانی بۆ نەوت رۆژانە بە بڕی 420 هەزار بەرمیل دابەزێت و بگاتە تەنیا 104 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا؛ ئەم ژمارە نوێیە بە بڕی 1.3 ملیۆن بەرمیل کەمترە لەو ئاستەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران پێشبینی دەکرا.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا هەردوو کەرتی "پێترۆکیمیاوی" و "فڕۆکەوانی" گەورەترین زیانمەندی ئەم تەنگژەیەن. گرانیی نرخەکان و خراپیی دۆخی ئابووری جیهان وایکردووە وڵاتان رێکاری توند بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بگرنە بەر، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر جووڵەی گواستنەوە و پیشەسازی دەبێت.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی پەککەوتنی هەناردە لە گەرووی هورمزەوە، کە 10 هەفتەیە بەردەوامە، ئابووریی جیهانی خستووەتە بەردەم نادیارییەکی یەکجار گەورە کە بە تەنها یەدەگەکان ناتوانن چارەسەری بکەن.