کۆریای باشوور لەسەر هێرشکردنە سەر کەشتیی "نامو" لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئێران دەکات

وێنە؛ کەشتی نامو
وێنە؛ کەشتی نامو

ئاژانسی "یۆنهاپ"ی کۆریای باشوور، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، سیئۆل ئەگەری تێوەگلانی هەر لایەنێکی دیکە جگە لە ئێران لە هێرشەکەی سەر کەشتییە بارهەڵگرەکەی نزیک گەرووی هورمز دوور دەخاتەوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە، کۆریای باشوور دوای دیاریکردنی وردی لایەنی بەرپرس، رێکاری دیپلۆماسی توند دەگرێتەبەر. هاوکات وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند؛ سەرەتای ئەم هەفتەیە تیمێکی شیکاریی تەکنیکییان رەوانەی دوبەی لە ئیمارات کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشەی هەفتەی رابردوو کرایە سەر کەشتیی کۆمپانیایەکی کۆری لە گەرووی هورمز.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی حکوومەت دەریانخستووە دوو مووشەکی نەناسراو بەر کەشتییەکە کەوتوون و بوونەتە هۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە. بڕیاریشە پاشماوەی بزوێنەرە دۆزراوەکان بۆ پشکنینی زیاتر رەوانەی سیئۆل بکرێنەوە.

پێشتر جو هیون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور، رایگەیاندبوو، هێشتا زووە بۆ دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرس، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری تێوەگلانی میلیشیاکان یان لایەنە جیاوازەکانی ناو ئێران کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام باڵیۆزخانەی ئێران لە سیئۆل بە توندی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە تێوەگلانی سوپای وڵاتەکەی لەو رووداوەدا رەتکردەوە.

لە رووی سەربازییەوە، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور بە هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاندووە؛ وڵاتەکەی وەک ئەندامێکی بەرپرسیار لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوتوێی بەشداریکردن لە دەسپێشخەرییەکەی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز دەکات، ئەوەش لە رێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، ناردنی کارمەند و دابینکردنی پێداویستی سەربازی بە چەند قۆناخێک.