ئەمڕۆ دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی بەڕێوەدەچێت

بڕیارە کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دووەمین دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی عەجاج تکریتی بەڕێوەببات، ناوبراو لە سەردەمی رژێمی پێشوودا سەرپەرشتیاری گرتووخانەی نوگرەسەلمان بووە.

پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی ئەنفالکراوان بە کوردستان 24ی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دادگا بە فەرمی گوێ لە گوتەکانی عەجاج تکریتی دەگرێت و دانپێدانانەکانی تۆمار دەکات.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی قورسایی بەڵگەکان و ئامادەیی تەواوی دۆسیەکە، رەنگە هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دادوەر بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو تۆمەتبارە رابگەیەنێت.

رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بە بڕیاری دادگای رەسافە دانیشتنی عەجاجی بۆ14ـی ئایاری 2026 دواخست، ئەمەش دوای ئەوەی گوتە لە 25 شایەتحاڵ وەرگیران.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی دادگا "عەجاج تکریتی نکۆڵی لە بەشێک لەو تاوانانەدا کرد کە لە نوگرەسەلمان ئەنجامدراوە. هەربۆیە دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ 14ـی ئایاری 2026، تاکوو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسیەکەدا دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوەی لە هۆلەکەدا دانیشتبوو بەشێکی زۆری ئامادەبووان باسیان لەو تاوانانە کرد کە عەجاج تکریتی ئەنجامی داوە."

عەجاج ئەحمەد کێیە؟

ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی بوو، ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی "نزار"ە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە شاری سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی ئەنفال لە ساڵی 1988.

عەجاج، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003  لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە شاری جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ کوڕە و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی قاعیدە بوون و لە پێکدادانێکدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیک سەلاحەدین کوژراون.

عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد، لە 31ـی تەممووزی 2025، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.