جارێکی دیکە هەوڵی دیموکراتەکان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ترەمپ شکستی هێنا
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا جارێکی دیکە هەوڵێکی ئەندامانی دیموکراتی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران رەتکردەوە.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی "سی بی ئێس نیوز" پێشنیازی پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە بە جیاوازی تەنیا یەک دەنگ شکستی هێنا، بەشێوەیەک 49 ئەندام دەنگیان بە بەڵێ و 50 ئەندام دەنگیان بە نەخێر دا.
لەو دەنگدانەدا، سێ سیناتۆری کۆماری بە ناوەکانی 'راند پۆڵ، سوزان کۆلینز و لێزا مۆرکۆڤسکی، لەگەڵ زۆرینەی دیموکراتەکان دەنگیان بە پشتیوانی لە بڕیارنامەکە دا، لە بەرامبەردا، جۆن فیتەرمان، سیناتۆری دیموکرات لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، تاکە ئەندامی دیموکرات بوو کە دەنگی دژی ئەم هەوڵە دا.
سەرەڕای ئەو پشتیوانییە، ئەندامانی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران توانییان رێگری لە تێپەڕاندنی بڕیارنامەکە بکەن، ئەمە حەوتەمین جارە لەمساڵدا کۆمارییەکان رێگری لە بڕیارنامەی هاوشێوە دەکەن کە ئامانجیان سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکایە.
لێزا مۆرکۆڤسکی، کە پێشتر دژی ئەم جۆرە بڕیارانە بوو، سەبارەت بە گۆڕینی هەڵوێستی رایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کارگێڕییەکەی ترەمپ روونکردنەوەی زیاتر بدات، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی وادەی 60 رۆژەی دیاریکراو لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەڵام ئەو روونکردنەوانە نەگەیشتنە دەستیان.