دادگا بڕیاری لە سێدرەدانی بۆ عەجاج تکریتی دەرکرد

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دووەمین دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی عەجاج تکریتی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ عەجاج تکریتی سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرەسەلمان دەرکرد، 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، دادگای باڵای تاوانەکان لە رەسافەی بەغدا، بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسی عەجاج حەردان ئەحمەد تکریتی رایگەیاند، کە بە "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" دەناسرێت، دادوەر بە فەرمی سزای لەسێدارەدانی بۆ ناوبراو دەرکرد.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، عەجاج تکریتی لە ساڵی 1988
 بەرپرسی ئەمنی گرتووخانەی نوگرەسەلمان بووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانە دڕندەکانی ئەنفال، لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا، زیاتر لە 3000 کوردی ئەنفالکراو دەستبەسەر بوون، کە زیاتر لە 1000 کەسیان بەهۆی ئەشکەنجە، برسیەتی و تینوێتییەوە گیانیان سپاردووە.

لە راپۆرتی دادگاکەدا چەندین تاوانی نامرۆیی عەجاج ئاشکرا کران، لەوانە فڕێدانی تەرمی زیندانییەکان بۆ دەرەوە تاوەکو لەلایەن سەگی بەڕەڵاوە بخورێن، هەروەها دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان، کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 15 ساڵان بووە و بە بیانووی پاککردنەوەی ژوورەکەی بردویەتییە لای خۆی و دەستدرێژی کردووەتە سەر.

عەجاج تکریتی بۆ ماوەی 38 ساڵ لە رێگەی نەشتەرگەری جوانکاری، گۆڕینی ناو و شێوەی خۆی و حەشارانی لە گوندێکی دوورەدەست وەک شوان، هەوڵیدابوو لە چاوی یاسا ون بێت.

 لە دانیشتنی پێشوودا عەجاج هەوڵیدا نکوڵی لە تاوانەکانی بکات، بەڵام دادوەر بە بەڵگەوە وەڵامی دایەوە و دانپێدانانەکانی پێشتری بەبیری هێنایەوە کە تیایدا کوردی ئەنفالکراوی وەک "خەڵکی ئێران" ناساندبوو تاوەکو رەوایی بدات بە ئەشکەنجەدانیان.

ئەم بڕیارەی دادگا وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان و رزگاربووانی نوگرەسەلمان هەژمار دەکرێت، کە ساڵانێکی زۆر بوو چاوەڕوانی دادپەروەری بوون.