بەڕێوەبەری پڕۆژەی 40 مەتری سۆران: پڕۆژەی رێگای شەقڵاوە - قەندیل زیاتر لە 50%ی تەواو بووە

ئەندازیار هەڵگورد وەلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی 40 مەتری سۆران
ئەندازیار هەڵگورد وەلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی 40 مەتری سۆران

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، ئەندازیار هەڵگورد وەلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی 40 مەتری سۆران لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند؛ کارکردن لە پڕۆژەی رێگای شەقڵاوە - قەندیل بە چڕی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سەدا 50ـی کارەکانی تەواو بووە.

هەڵگورد وەلی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە بە درێژایی 10 کیلۆمەترە و گوژمەکەی زیاتر لە 90 ملیار دیناری عێراقییە، دروستکردنی دوو بەرزەپرد و ئەندەرپاسێک، لەگەڵ تەواوکردنی هەردوو تونێلی ماوەران و میراوە لەخۆدەگرێت. روونیشیکردەوە کە کاری رووناکی و میکانیکی تونێلی میراوە کۆتایی هاتووە و لە ماوەیەکی کەمدا دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.

لەبارەی گرنگی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی: "ئەم رێگایە لە چوارچێوەی رێگای هامڵتۆنە کە رێگایەکی سەرەکییە و هەرێمی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبەستێتەوە، هەروەها هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە گەشتیارییەکان دەبەستێتەوە."

سەبارەت بە خێرایی کارەکان، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بارانبارینی مانگەکانی رابردوو نەیانتوانیوە بەگوێرەی پلان کار بکەن، بەڵام ئێستا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کاتە، بە دوو شفت کار لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت.

بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، لۆدی سەر رێگاکان نامێنێت و کاتی گەشتکردن کورت دەبێتەوە؛ بە جۆرێک لە کۆڕێوە تا تونێلی میراوە تەنیا 7 خولەک دەخایەنێت، هەروەها رێگای نێوان هەولێر و سۆران 15 بۆ 20 خولەک کورت دەبێتەوە.

هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆرانی کردەوە.

ئەم شەقامە دووسایدە و سێ کیلۆمەتر درێژە، شەقامەکە بەرزترین پرد لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت، درێژییەکەی 250 مەترە بەرزییەکەشی 23 مەترە. تێچووی پردەکە 28 ملیار دینارە و کۆی گوژمەی پڕۆژەکە 50 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

پڕۆژەی شەقامی 40 مەتریی سۆران، لە رێگایەکی دوو ساید، هەر سایدێک لە سێ هێڵ پێکهاتووە واتە لە یەک کاتدا سێ ئۆتۆمبێل دەتوانن لە تەنەیشت یەکترەوە بڕۆن، پانی شۆستەکەشی دوو مەتر و نیوە هەروەها سیستەمێکی تایبەت و گەورەی ئاوەڕۆی لە خۆگرتووە. ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە، چونکە جەنجاڵی ناو سەنتەری سۆران زۆر کەمدەکاتەوە و ئاسانکاری زۆریش بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات. 

کارکردن لەو پڕۆژەیە بە دوو شەفت بووە و بە شەو و رۆژ کاری تێدا کراوە؛ 350 کرێکار و 14 رووپێو و 10 ئەندازیار لەو پڕۆژەیە کاریان کردووە و لە سەرەتای ساڵی 2026ـشەوە کارەکانی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە.

ئەمە جگە لەوەی سیمایەکی جوان دەبەخشێت، رێگەی ناوەندیی سۆران بە شارۆچکەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی کارئاسانییەکی زۆر هاتووچۆی شۆفێران.

سۆران لە 14ـی ئەیلولی 2021، لە شارۆچکەوە بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرا بە ئیدارەی سەربەخۆ و شەش قەزا لەخۆ دەگرێت.