دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دواخرا

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، دادبینی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای، و دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگای دووی تاوانەکانی سلێمانی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 هاوژین جەمال، دانیشتنەکە تایبەت بوو بە وەرگرتنی گوتەی تۆمەتباران بە شێوەیەکی فەرمی (کە بەگوێرەی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار کراون)، دوای دروستبوونی گرژی کۆتایی پێهات. گرژییەکە کاتێک دەستی پێکرد، یەکێک لە ئامادەبووان لەنێو هۆڵەکەدا هاواری کرد "بژی شێخ لاهور"، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی و هێزە ئەمنییەکان، لە ئەنجامدا دادگا بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی دا.

لە دانیشتنەکەدا گوتەی ئەو تۆمەتبارانە خوێندرایەوە کە پێشتر لە دەزگای ئاسایش لێیان وەرگیرابوو. یەکێک لە شاهیدەکان، پاسەوانی ڕێبوار حامید حاجی غالی بووە و لە شەوی رووداوەکەی لالەزار دەستگیرکرابوو، لەبەردەم دادوەردا رایگەیاند؛ گوتەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە. شاهیدەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی گرتنیدا لێی دراوە، سەری شکێنراوە و چەقۆ کراوە بە پشتییدا، هەروەها هەڕەشەی لێکراوە ئەگەر لە دادگا ئەو قسانە نەڵێت کە پێی گوتراوە، خراپتری لێ دەکرێت.

ئەم دانیشتنە بایەخێکی نێودەوڵەتی پێدرابوو؛ کونسوڵەکانی بەریتانیا، هۆڵەندا و نوێنەری چەند وڵاتێکی دیکە وەک چاودێر لە هۆڵی دادگا ئامادە بوون بۆ چاودێریکردنی ڕێکارە یاساییەکان. لە بەرامبەردا، هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک لایەنی سکاڵاکار، لەم دانیشتنەدا ئامادە نەبوون.

تا ئێستا دادگا هیچ کاتێکی نوێی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی دووەمی دادبینەکە دیاری نەکردووە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 07ـی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکەش بۆ 14ی ئەم مانگە واتە ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخرا.

پێشتر دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بە گوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە ماددەی 406."

دانا تەقیەدین جەختی کردەوە، "مۆرکی یاسایی لە کەیسەکەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە، چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون.

رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسه‌وانی لاهور شێخ جه‌نگی و 11 ده‌ستگیركراوی دیكه‌ی لاله‌زار ئازاد کران.

ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو. 

پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.

رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.