کوردستان24 وردەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ئاشکرا دەکات
تیمی کوردستان24 لە بەغداوە زانیاریی تایبەت لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەخاتە روو؛ بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا 8 پۆستی وەزاریی کێشەیان لەسەرە و رێککەوتنی کۆتاییان لەسەر نەکراوە، هاوکات پشکی لایەنە کوردییەکان لە کابینەکەدا دیاریکراوە و بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان بۆ متمانەدان بە وەزیرەکان کۆببێتەوە.
کوردستان24 زانیاری ورد و تایبەت لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ئاشکرا دەکات. ئەمڕۆ کۆڤان عزەت، لە بەغداوە، نوێترین پێشهات و زانیارییەکان لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت دەخاتە روو.
پشکی لایەنە کوردییەکان لە کابینەکەدا:
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وەردەگرێت. بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ناوی رێباز حەملان و نەوزاد هادی دەهێنرێت، بۆ وەزارەتی دەرەوە ناوی دکتۆر فوئاد حوسێن و بۆ جێگری سەرۆکوەزیرانیش ناوی فارس بریفکانی دەهێنرێت، تەنانەت شەوی رابردوو باسی حەمدی شنگالیش دەکرا.
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دوو وەزارەت وەردەگرێت؛ یەکێکیان وەزارەتی دادە کە تا رادەیەکی زۆر خالید شوانی دادەنرێتەوە. هەروەها هەوڵ دەدرێت وەزارەتی ژینگش بۆ نەوەی نوێ بێت و سروە عەبدولواحید ببێتە وەزیری ژینگە، بەڵام لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەندێکیان حەز ناکەن ئەو وەزارەتە بدرێتە نەوەی نوێ.
لایەنەکانی دیکەی وەک یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەریی و رەوتی هەڵوێست، ئەمڕۆ کاتژمێر 3 کۆبوونەوەیان هەیە بۆ ئەوەی بڕیار بدەن، چونکە ئەوانیش داوای وەزارەتێک دەکەن.
ئەو پۆستانەی کێشەیان لەسەرە:
تاوەکو ئێستا 8 پۆست جێدەهێڵدرێن و متمانەیان پێنادرێت، لەوانە 4 جێگری سەرۆکوەزیران متمانەیان پێنادرێت. کێشە لەسەر ناوی لەیس شەبەر هەیە کە دەیەوێت ببێتە جێگری سەرۆکوەزیران بەڵام هەندێک لایەن دژی وەستاونەتەوە.
هەروەها وەزارەتی رۆشنبیری ناوی ئیبراهیم نامس دەهێنرێت، بەڵام رەنگە متمانەی پێنەدرێت. وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش کە ناوی کۆچ کۆچ-بەران دەهێنرێت، هێشتا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە و رەنگە بدرێتە پێکهاتەکان. وەزارەتی بەرگریش بە هەمان شێوە، هێشتا لەنێوان لایەنە سوننەکاندا رێککەوتن نەکراوە کە کێ ببێتە وەزیری بەرگریی.
بڕیارە کاتژمێر 4 دانیشتنی پەرلەمان دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئێستاش گفتوگۆ و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوەکان. پاشان لە کاتژمێر 12ـی شەو لە ستۆدیۆیەکی کراوەی کوردستان24 لەناو پەرلەمانەوە وردەکاریی زیاتر دەخەینە روو.