عێراقچی: ئێران بۆ فشارەکان چۆک دانادات

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هیچ فشار و هەڕەشەیەک سەر دانانەوێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکانی پەیوەست بە ئێران بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن.

پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی وڵاتانی بەشدار لە رێکخراوی نێودەوڵەتی "برێکس" گوتی: ئێران سەلماندوویەتی کە ناشکێت، فشارەکان دەبنە هۆی ئەوەی ئێران بە شێوەیەکی بەهێزتر و یەکگرتووتر لە جاران دەربکەوێت، جەختی لەوەشکردەوە، چارەسەری سەربازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا سەرکەوتوو نابێت، هەروەها گەلی ئێران هەرگیز بۆ فشار و هەڕەشە کۆڵ نادات.

وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند؛ وڵاتەکەی ئامادەیە بە هەموو هێزییەوە بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و خاکەکەی بجەنگێت، لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی رێگەی دیپلۆماسی و پابەندبوون پێیەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ وەڵامێکی "وێرانکەر و توند" لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، بەڵام جەختی کردەوە، گەلی ئێران داوای ئاشتی دەکات و حەزی بە جەنگ نییە.

عێراقچی روونیکردەوە، وڵاتەکەی لە بارودۆخی ئێستادا خۆی بە دەستپێشخەری هێرش نابینێت، بەڵکو پێی وایە رووبەڕووی ستەم و دەستدرێژی بووەتەوە.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، ئێران ئامادەیە بۆ جەنگ لەپێناو خاک و ئازادی، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامبوون لەسەر رێڕەوی دیپلۆماسی و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و ناوچەکە بە گشتی. 

ئەم قسانەی عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، گرژییەکانی دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران بەرەو پەرەسەندن هەنگاو دەنێت، ئەمەش وایکردووە هیوای گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکە و بە تایبەتی لەگەڵ تاران سست و لاواز بێت، هاوکات بە هۆی ئەو جەنگەوە کە زیاتر لە 70 رۆژە هەڵگیرساوە، گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان لە لایەن ئێرانەوە داخراوە و هاتوچۆی کەشتییەکان بەو گەرووەدا پەکیکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهان بە گشتی.