بزووتنەوەی سادیقوون لە پۆستەکانی کابینەی نوێ بێبەش دەکرێت

سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر بەشداریی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی نوێ هەیە و بەو هۆیەشەوە بزووتنەوەی سادیقوون هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرێت.

رۆژی پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە، ئەمڕۆ بزووتنەوەی سادیقوونی سەر بە قەیس خەزعەلی هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری زۆرە لەم کابینەیەدا هیچ پۆستێکیان پێ نەدرێت.

ئەو سەرچاوەیە روونی کردەوە، ئەمریکا بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتووە کە نابێت گرووپە چەکدارەکان، لەوانەش عەسائیب ئەهلولحەق و باڵە سیاسییەکەیان، بەشداریی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا بکەن.

لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئەم ڤیتۆیەی ئەمریکا، تاوەکو بتوانن دوای پەسندکردنی ناوی وەزیرەکانی ئەمڕۆ، لە قۆناغەکانی دواتردا پۆستێک بەو لایەنە بدەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سەرکردایەتیی عەسائیب و خودی قەیس خەزعەلی تێگەیشتنیان بۆ ئەم بڕیارە و بارودۆخەکە هەبووە و رەزامەندییان نیشانداوە.

بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا 8 پۆستی وەزاریی کێشەیان لەسەرە و رێککەوتنی کۆتاییان لەسەر نەکراوە، هاوکات پشکی لایەنە کوردییەکان لە کابینەکەدا دیاریکراوە و بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان بۆ متمانەدان بە وەزیرەکان کۆببێتەوە.

بزووتنەوەی سادیقوون باڵی سیاسیی عەسائیب ئەهلولحەقە، کە گرووپێکی شیعەی دژبەری ئەمریکان و بەوە دەناسرێن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

قەیس خەزعەلی، رێبەری عەسائیب ئەهلولحەق، رایگەیاند کە گرووپەکەیان بە ناوی "کوتلەی سادیقوون" بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی 2014دا دەکات و عەدنان فەیحانیشی وەک سەرۆکی کوتلەکە دەستنیشان کرد. کوتلەکە کاندیدەکانی خۆی لە لیستی ژمارە 218دا خستە روو.

بەڵام کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی کوتلەکە کە نزیکەی 10,000 لایەنگری تێدا کۆببووەوە، رووبەڕووی توندوتیژیی بووەوە؛ زنجیرەیەک تەقینەوە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە یاریگای سەنێعی لە رۆژهەڵاتی بەغدا روویاندا، کە بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی عێراق، بەلایەنی کەمەوە 37 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. رێکخەرانی گرووپەکە پلانیان هەبوو لەو کۆبوونەوەیەدا ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان رابگەیەنن.

لە کۆتاییدا کوتلەی سادیقوون تەنیا 1 کورسیی لە کۆی 328 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2014 بەدەستهێنا، کە کاندیدە سەرکەوتووەکەیان لەسەر پارێزگای بەغدا بوو.