رزگاربووانی نوگرەسەلمان چیرۆکی تراژیدی خۆیان دەگێڕنەوە
ئەمڕۆ لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە شاری بەغدا، دووەمین دانیشتنی تایبەت بە کەیسی عەجاج تکریتی، جەلادەکەی نوگرەسەلمان لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەڕێوەچوو.
پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج جەلادەکەی نوگرەسەلمان، ئەمینە عەلی کە ژنێکی تەمەن 75 ساڵ و رزگاربوویەکی شاڵاوی ئەنفالە، گوتەکانی وەک شایەتحاڵێک پێشکەش بە دادگا کرد.
عەمار نەجمەددین بێژەری کوردستان24، یەکێک بوو لەو کەسانەی لە ساڵی 1988ـدا لە ژێر دەستی عەجاج تکریتیدا بوون و رووبەڕووی قورسترین جۆری ئەشکەنجە، برسیەتی و تینوێتی بوونەتەوە، ئەو گوتی: "عەجاج تاوانبارێکی دڕندە بوو، تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا زیاتر لە 50 کەس لە ناو زیندانەکەدا لەبەرچاومان شەهید بوون بەهۆی نەخۆشی و بێدەرمانی."
ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەم تاوانبارەدا بە کارەسات دەستی پێکردووە، کاتێک عەجاج یەکێک لە خزمە نزیکەکانی ئەوانی لە ناو زیندانەکەدا هێناوەتە دەرەوە و لەبەرچاوی هەمووان کوشتوویەتی، گوتیشی: "ئەو پیاوە حەزی بە ئازاردانی خەڵک و بینینی خوێن دەکرد و پێدەچێت نەخۆشی دەروونی هەبووبێت کە بەو شێوەیە چێژی لە کوشتنی منداڵ و پیر دەبینی."
عەمار نەجمەددین جەختی کردەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی 38 ساڵ و گۆڕانی شێوەی، بەڵام هەر کە چاوی بە تاوانبارەکە کەوتووەتەوە ناسیوێتەوە، هیوای خواست دادگا بڕیارێکی دادپەروەرانە بدات و سزای لەسێدارەدان بەسەر عەجاج تکریتیدا بسەپێنێت، تاوەکو رۆحی شەهیدەکانیان ئارام ببێتەوە و ببێتە پەند و وانەیەک بۆ هەموو ئەوانەی زوڵم لە گەلی کورد دەکەن.
ئەمینە عەلی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی لەو کارەساتانە کرد کە لە ناو نوگرەسەلماندا بەسەریان هاتووە رایگەیاند، کچێکی تەمەن 11 ساڵان و کوڕێکی تەمەن 4 ساڵانی لە ناو ئەو زیندانەدا بەهۆی برسیەتی و تینوێتی و بێدەرمانییەوە لە باوەشیدا گیانیان سپاردووە، ئەو ژنە شایەتحاڵە داوای لە دادگا کرد کە قورسترین سزا بەسەر عەجاج تکریتیدا بسەپێنرێت.
هاوکات، هەسەن عەلی یەکێکی دیکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کە لە بەردەم دادگا ئامادەبوو، بۆ کوردستان24 قسەی کرد و گوتی: "عەجاج تکریتی لە ناو قەفەسی دادگادا زۆر بێهێز و زەلیل دیار بوو، ئەمڕۆ رۆژی سەرکەوتنی مەزڵوومانە بەسەر زاڵماندا"، ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵگەکان ئەوەندە قورسن تەنانەت تیمی پارێزەرانی تۆمەتباریش ناتوانن بەرگرییەکی ئەوتۆی لێ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەیاد کاکەیی پارێزەری دۆسیەی ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی تەواوبوونی بەڵگەکان و ئامادەیی شایەتحاڵەکان، رەنگە دادگا بەمزووانە بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لەبارەی چارەنووسی ئەم تاوانبارە رابگەیەنێت.
عەجاج تکریتی بەوە تۆمەتبارە کە لە سەردەمی رژێمی عەبسی روخاو و شاڵاوی ئەنفالدا بە شێوەیەکی نامرۆیی مامەڵەی لەگەڵ کوردە دەستبەسەرکراوەکاندا کردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان ژن و منداڵ و پیر لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بە بڕیاری دادگای رەسافە دانیشتنی عەجاجی بۆ14ـی ئایاری 2026 دواخست، ئەمەش دوای ئەوەی گوتە لە 25 شایەتحاڵ وەرگیران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی دادگا "عەجاج تکریتی نکۆڵی لە بەشێک لەو تاوانانەدا کرد کە لە نوگرەسەلمان ئەنجامدراوە. هەربۆیە دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ 14ـی ئایاری 2026، تاکوو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسیەکەدا دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوەی لە هۆلەکەدا دانیشتبوو بەشێکی زۆری ئامادەبووان باسیان لەو تاوانانە کرد کە عەجاج تکریتی ئەنجامی داوە."
عەجاج ئەحمەد کێیە؟
ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی بوو، ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی "نزار"ە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە شاری سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی ئەنفال لە ساڵی 1988.
عەجاج، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە شاری جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ کوڕە و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی قاعیدە بوون و لە پێکدادانێکدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیک سەلاحەدین کوژراون.
عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد، لە 31ـی تەممووزی 2025، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.
دوای دوو جار دانیشتن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ عەجاج تکریتی دەرکرد:
پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، دادگای باڵای تاوانەکان لە رەسافەی بەغدا، بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسی عەجاج حەردان ئەحمەد تکریتی رایگەیاند، کە بە "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" دەناسرێت، دادوەر بە فەرمی سزای لەسێدارەدانی بۆ ناوبراو دەرکرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، عەجاج تکریتی لە ساڵی 1988
بەرپرسی ئەمنی گرتووخانەی نوگرەسەلمان بووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانە دڕندەکانی ئەنفال، لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا، زیاتر لە 3000 کوردی ئەنفالکراو دەستبەسەر بوون، کە زیاتر لە 1000 کەسیان بەهۆی ئەشکەنجە، برسیەتی و تینوێتییەوە گیانیان سپاردووە.
لە راپۆرتی دادگاکەدا چەندین تاوانی نامرۆیی عەجاج ئاشکرا کران، لەوانە فڕێدانی تەرمی زیندانییەکان بۆ دەرەوە تاوەکو لەلایەن سەگی بەڕەڵاوە بخورێن، هەروەها دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان، کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 15 ساڵان بووە و بە بیانووی پاککردنەوەی ژوورەکەی بردویەتییە لای خۆی و دەستدرێژی کردووەتە سەر.
عەجاج تکریتی بۆ ماوەی 38 ساڵ لە رێگەی نەشتەرگەری جوانکاری، گۆڕینی ناو و شێوەی خۆی و حەشارانی لە گوندێکی دوورەدەست وەک شوان، هەوڵیدابوو لە چاوی یاسا ون بێت.
لە دانیشتنی پێشوودا عەجاج هەوڵیدا نکوڵی لە تاوانەکانی بکات، بەڵام دادوەر بە بەڵگەوە وەڵامی دایەوە و دانپێدانانەکانی پێشتری بەبیری هێنایەوە کە تیایدا کوردی ئەنفالکراوی وەک "خەڵکی ئێران" ناساندبوو تاوەکو رەوایی بدات بە ئەشکەنجەدانیان.
ئەم بڕیارەی دادگا وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان و رزگاربووانی نوگرەسەلمان هەژمار دەکرێت، کە ساڵانێکی زۆر بوو چاوەڕوانی دادپەروەری بوون.