عەلی زەیدی: کار بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان دەکەین
سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەڵێنی قۆناغێکی نوێ لە سەقامگیری و ئاوەدانی دەدات
سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی عێراق، لە یەکەمین پەیامیدا دوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، بەڵێنی بە گەلی عێراق دا، کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بکات.
پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێدراوی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم ئاراستەی پەرلەمان و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم بۆ بەخشینی متمانە بە حکوومەتەکەمان".
سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هەڵوێستی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو هەنگاوە "بەرجەستەکەری باڵادەستیی بەرژەوەندیی نیشتمانی و رۆحی هاوبەشی و بەرپرسیارێتییە" لە قۆناغی ئێستای عێراقدا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەلی زەیدی رووی دەمی کردە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و ئەو متمانەیەی پەرلەمانی وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی وەسف کرد، و گوتی: "ئەم متمانەیە ئەمانەتێکی گەورە و پەیمانێکە لەبەردەم گەلی ئازیزماندا، بۆ ئەوەی بە هەنگاوی جێگیر و نەگۆڕەوە بەرەو چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت بڕۆین."
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئامانجە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی کابینەکەی کردەوە و بەڵێنی دا کە کار بکەن بۆ "هێنانەدی خواست و ئاواتەکانی عێراقییەکان لە بوارەکانی گەشەپێدان، دادپەروەری، و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ هەمووان."
ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، کارنامەی کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی پەسەند کرد، هەروەها متمانەش بە 14 وەزیر لە کابینەکەدا درا.
سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم بۆ پێدانی متمانەیان بە حکومەت، لە هەڵوێستێکدا کە بەرجەستەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و گیانی هاوبەشی و بەرپرسیارێتی دەکات.
— علي فالح الزيدي (@AliFalihAlzaidy) May 14, 2026
ئەم متمانەیە نوێنەرایەتی ئەمانەتێکی گەورە و بەڵێنێک لە بەردەم گەلە…
دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی، عەلی زەیدی، وەک کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریی کرد، هەر هەمان رۆژ زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپێردرا.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.