ترەمپ: لەگەڵ چین گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیژینگەوە رایگەیاند، لەگەڵ چین گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی ئێران و جەختی کردەوە، کە رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەبێت گەرووی هورمزیش بە کراوەیی بمێنێتەوە.
رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە تەنگژەی ئێران رایگەیاند، زۆرێک لەو کێشانەی کە بۆ ئەوانی دیکە چارەسەر نەدەکران، چارەسەریان کردوون.
سەرۆکی ئەمریکا، کە لە کۆتا رۆژی کۆبوونەوەی لوتکە لە بەیژینگ دووبارە لەگەڵ سەرۆکی چین کۆبووەوە، ئاماژەی بەوە دا: "هەست بە نزیکییەکی زۆر دەکەین سەبارەت بەوەی چۆن کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنین."
ترەمپ لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی چین، رایگەیاند: "نامانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەمانەوێت گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە." هەروەها سەرۆکی ئەمریکا سەردانەکەی بۆ چین بە "ناوازە" وەسف کرد.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیش، ترەمپ گوتی: "رێککەوتنی بازرگانی زۆر باشمان لە چین واژۆ کردووە و گەیشتووینەتە گرێبەستی سوودبەخش بۆ هەردوولا."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە دۆخی ئێران رایگەیاند، پێویستە لە زووترین کاتدا ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گشتگیر رابگەیەنرێت. چین داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرای بۆ تەنگژەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەمە لە بەرژەوەندی ئەمریکا، ئێران و وڵاتانی ناوچەکە دەبێت.