سێنتکۆم: زیاتر لە 20 کەشتیی ئەرکی جێبەجێکردنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران پێکدەهێنن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکان، تاوەکو ئێستا رێگرییان لە 76 کەشتی کردووە کە ویستوویانە بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە، زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی ئەمریکا ئەرکی جێبەجێکردنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران پێکدەهێنن، یەکێک لەو کەشتییە دیارانەش کەشتیی جەنگی "تریپۆڵی"یە.

سێنتکۆم وێنەیەکی هێلیکۆپتەرێکی جۆری "سیهۆک"یشی بڵاوکردووەتەوە، کە لە چوارچێوەی مەشق و ئەرکە سەربازییەکانیدا لەسەر پشتی کەشتیی جەنگی تریپۆڵییەوە دەفڕێت.

سەبارەت بە ئاماری چالاکییەکانیان لە دەستپێکی گەمارۆکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر 4 کەشتی و 72 کەشتی دیکەشیان گەڕاندووەتەوە و ڕێگەیان پێنەداوە هاتوچۆی بەندەرەکانی ئێران بکەن.

ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا لە چوارچێوەی تووندکردنی فشارەکان و چاودێریکردنی وردی جوڵە دەریاییەکانی ناوچەکەیە، بەتایبەت ئەو کەشتیانەی کە گومانی پێشێلکردنی گەمارۆکانیان لێدەکرێت.