سێرگی لاڤرۆڤ: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئێران دەبێت لە بنەڕەتی کێشەکە تێگەین

وەزیری دەرەوەی رووسیا باس لەوە دەکات، هەوڵی ئەمریکا بۆ گۆڕینی رژێم یاخود دەستوەردانی سەربازی، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندەی دیکە ئاڵۆز دەکا.

ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئایاری 2026، سێرگی لاڤرۆڤ ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نیودەلهی رایگەیاند: دەبێت بەربەستەکانی بەردەم گەرووی هورمز لابدرێن، دەبێت بەزووترین کات جەنگی ئێران تەواوبێت و رێککەوتن بکرێت، هەوڵی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ دەستوەردانی سەرباز یاخود گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، دۆخەکە هێندەی دیکە ئاڵۆز دەکات و کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. 

سێرگی لاڤرۆڤ گوتیشی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئێران دەبێت لە بنەڕەتی کێشەکە تێگەین، ئەو دەستدرێژیانەی ئەمریکاو  ئیسرائیل دەیکەن بۆسەر ئێران بێ پاساون.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هندستان دەتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت لەنێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

لەلایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی رایگەیاند: جەنگە نایاساییەکانی ئەمریکا سیستەمی جیهانی لاواز کردووە و پێویستە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بکرێت.