فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئایاری 2026، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەکات و رایگەیاندووە "هیوادارین حکوومەتی نوێ بتوانێت ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا راپەڕێنێت."
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی هیوای خواستووە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی سەرکەوتوو بێت لە چارەسەرکردنی تەنگژەکان و ئەو کێشانەی رووبەڕووی وڵات دەبنەوە، "بە جۆرێک کە ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و وەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییانی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە."
ئەم پەیامەی فراکسیۆنی پارتی لە کاتێکدایە کە پێنجشەممە دوێنێ عەلی فالح زیدی توانی متمانەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کابینە وزارییەکەی بەدەستبهێنێت.
دوێنێ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 5:45 خولەکی ئێوارە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت کۆبووەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کرد کە کارنامەی وەزارییەکەی بخوێنێتەوە بە مەبەستی خستنە دەنگدانییەوە.
دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو خوێندنەوەی بۆ کارنامەکەی کرد، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ کارنامە وەزارییەکەی پەسەند کرد.
پاشان پرۆسەی دەنگدان لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان دەستی پێکرد و پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیر لە کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی.
ئەو وەزیرانەی دوێنێ متمانەیان پێ درا، بریتی بوون لە وەزیرانی؛ سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی، داد، پەروەردە، گواستنەوە، دەرەوە، نەوت، پیشەسازی، کارەبا، تەندروستی، ژینگە، کشتوکاڵ، دارایی.