ئیمارات بۆ ئێران: رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەین و توانای بەرپەرچدانەوەی هێڕشەکانمان هەیە

ئیمارات بە توندی ئەو تۆمەتانەی ئێرانی رەت کردەوە کە دەڵێت ئیمارات رۆڵێکی چالاک دەگێڕێت لە جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و هۆشداریشی دا کە "مافی تەواوی خۆیەتی" بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە سەروەریی وڵاتەکەی بکات.

ئەم ئاڵۆزییە نوێیە دوای ئەوە هات کە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی "برێکس" لە نیودەلهی، ئیماراتی بە "هاوبەشێکی چالاک لە دەستدرێژییەکان" ناوزەند کرد و هۆشداری دا کە بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا ناتوانێت ئاسایشیان بپارێزێت.

لە بەرانبەردا، ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، خەلیفە بن شاهین مەرار، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا: "وڵاتەکەی بە توندی هەموو ئەو بانگەشانەی ئێران و هەوڵەکانی بۆ پاساودانی هێرشە تیرۆریستییەکانی رەت دەکاتەوە کە ئیمارات و وڵاتانی دیکە کردووەتە ئامانج."

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی رووبەڕووی "هێرشێکی بەردەوام و بێ پاساوی ئێران" بووەتەوە، کە بریتی بوون لە نزیکەی 3 هەزار هێرش بە مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرۆز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

مەرار جەختی لەوە کردەوە کە "ئیمارات داوای پاراستن لە کەس ناکات و خۆی توانای بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی هەیە." هەروەها گوتیشی: "وڵاتەکەمان هەموو مافە سەروەری، یاسایی، دیپلۆماسی و سەربازییەکانی دەپارێزێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک یان کردەوەیەکی دوژمنکارانە، بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتییان، نیشتەجێبووان و سەردانیکەرانی."

ئەم لێدوانانەی ئیمارات لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو گرژییەکی سەربازیی بێوێنەدایە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو چووەتە قۆناغێکی نوێوە.