سلێمانی.. گرووپی موزیکی نەوا کۆنسێرتێک ساز دەکات

گرووپی میوزیکی نەوا، کە لە پێنج دەستەی دامەزرێنەر پێکدێت، کۆنسێرتێکی میوزیک لەشاری سلێمانی لە تەلاری هونەر ساز دەکات.

هەینی، 15ی ئایاری 2026، ژەنیار ئارام، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو گرووپە بە کوردستان24ی گوت، "تەمەنی گرووپی میوزیکی نەوا سێ ساڵە، لە پێنج دەستەی دامەزرێنەر پێکهاتووین، کە هەر یەکە و بەکار و پسپۆڕییەتی خۆی کارەکە ئەنجام دەدات، هەروەها لێژنەی تایبەتمان هەیە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکان. ئەوە سێیەمین کۆنسێرتە کە ئەنجامی دەدەین، کۆنسێرتی یەکەممان لە ساڵی 2024 بەڕێوەبرد، لەو کۆنسێرتەدا کۆمەڵێک پارچە دەژەنین کە هەمەجۆرن، کە کوردی و  ئەرمەنی و جۆرجی تێدایە و بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرن داڕێژراوەتەوە."

ژەنیار ئارام گوتیشی، "ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەو گرووپە ئەوەیە کە کۆمەڵێک گەنجی ئەم وڵاتە لە هەموو شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی کۆبکەینەوە و ئەو ئەزموونەی هەیانە پێشکەشی بکەین، ئامانمان ئەوەیە کە ئەو توانای ئەو گەنجانە هەیانە لەژەنینی میوزیکی جۆراوجۆر کۆبکەینەوە و لەرێگەی کۆنسێرت و چالاکییەکانمانەوە بەشێوەیەکی مۆدێرن و جوان پێشکەشی خەڵکی بکەین."

ئەو میوزیکژەنە باس لە شێوازی ژەنینی میوزیکەکەیان دەکات و دەڵێت، "ئۆرکێسترای میوزیکی نەوا لە ئامێرە رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییەکان پێکهاتووە و ئامانجمانە میوزیکی کوردی هاوتای میوزیکی گەلان بکەین و ئەم گرووپە پێشخستنی بەهرە و توانای گەنجان و ئاشناکردنیانە بە میوزیکی رەسەنی کوردی."

بڕیارە رۆژی شەممە، 16ی ئایاری 2026، گرووپی موزیکی نەوا، کۆنسێرتێک لە شاری سلێمانی لە تەلاری هونەر ساز بکات.

گرووپی موزیکی نەوا، کە لە پێنج دەستەی دامەزرێنەر پێکدێت و 75 ژەنیاری لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان هەیە، سێ ساڵە دامەزراوە و بەشداری چەندین چالاکی جۆراوجۆری کردووە و دوو کۆنسێرتی موزیکی لە سلێمانی ساز کردووە.