چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو بەرە دابەش دەبێت
ماڵی شیعە لە عێراق رووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵ بووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، چوارچێوەی هەماهەنگی بووەتە دوو بەرەی دژبەیەک و هاوپەیمانییەکەی محەمەد شیاع سوودانیش بەهۆی کشانەوەی 20 پەرلەمانتارەوە پاشەکشەی گەورەی کردووە.
هەینی 15ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند کە ئێستا دوو ئاراستەی جیاواز دروست بووە, بەرەی نووری مالیکی هەریەک لە هادی عامری، فالح فەیاز، ئەحمەد ئەسەدی، موحسین مەندەلاوی و چەند سەرکردەیەکی تر لەخۆدەگرێت. ئەم بەرەیە کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ دەکەن بۆ دژایەتیکردنی بەرەکەی سوودانی.
هەروەها بەرەی دووەم کە بەرەی سوودانییە لە هەریەک لە عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی پشتیوانی لێ دەکەن و ئامانجیان "راستکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسییە".
ئەم گرژییە دوای ئەوە هات کە لە کاتی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی، کاندیدەکانی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا شکستیان هێنا لە بەدەستهێنانی متمانە.
لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتی سوودانی تووشی شۆک بوو دوای ئەوەی 20 پەرلەمانتار لێی کشانەوە. کشانەوەکە پەرلەمانتارانی عەقدی نیشتمانی، سۆمەرییون و ئەنساروئەوفیا دەگرێتەوە؛ ئەو لایەنانە تەنیا وەزارەتی کشتوکاڵیان پێدراوە و بەوە رازی نین؛ هاوکات بوونی ڤیتۆی ئەمریکی لەسەر گرووپە چەکدارەکان و کەسایەتییەکانی وەک فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی، رێگر بووە لەوەی وەزارەتیان پێبدرێت.
فراکسیۆنە کشاوەکان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا سوودانییان بە "پێشێلکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان و پەراوێزخستنی نوێنەرانی گەل" تۆمەتبار کرد.
جەواد رەحیم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هێزە نیشتمانییەکان، دابەشبوونەکە بە ئاسایی دەبینێت و دەڵێت: "ئەوەی هەیە تەنیا جیاوازیی بۆچوونە لە چوارچێوەی دیموکراسیدا، نەک دابەشبوون." هاوکات دکتۆر محەمەد عگێلی، ئەندامی هاوپەیمانییەکەی سوودانی، کشانەوەی حزبەکانی بە کارێکی "سیاسیی ئاسایی" وەسف کرد.
سەرەڕای ئەم کێشانە، زانیارییەکانی کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکەن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوپەیمانییەکی نوێ بۆ پشتیوانی لە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی پێکدەهێنرێت کە سوودانی، حەکیم، خەزعەلی، حەلبووسی و رەیان کلدانی و چەند لایەنێکی تری شیعە و سوننە کۆدەکاتەوە.
ئێستا، سوودانی تەنیا 25 کورسی بۆ ماوەتەوە، دوای ئەوەی لە کۆی 30 کورسییەکەی، 5 پەرلەمانتاری سەربەخۆش ئەگەری کشانەوەیان هەیە.