هیشام روکابی: سەرۆکی پەرلەمان لە کاتی دەنگدان بە کابینەی وزاری پێشێلکاری کردووە
هیشام روکابی، لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، شێوازی خوێندنەوەی ناوی کاندیدانی کابینەی وزاری لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، بەو شێوەیەی کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانەوە نێردرابوو، پێچەوانەی دابونەریت و رێکارە پەرلەمانییەکانە کە لە پێکهێنانی حکوومەتەکاندا پەیڕەو دەکرێت.
هەینی 15ـی ئایاری 2026، هیشام روکابی، بەڕێوبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە پلاتفۆرمی ئێکس نوسیویەتی، لە ماوەی پێکهێنانی 6 حکوومەتی رابردوودا، هەمیشە وەزارەتی ناوخۆ لە ریزبەندی سێ یەکەمین وەزارەتەکاندا بووە وەک وەزارەتێکی سیادی و ئەمنی، بەڵام لەم کابینەیەدا بە شێوەیەکی نائاسایی گۆڕانکاری لە ریزبەندییەکەدا کراوە.
روکابی دەڵێت،" ئەم گۆڕانکارییە گومان دروست دەکات و دەری دەخات کە نییەتێکی پێشوەختە هەبووە بۆ رێگریکردن لە تێپەڕاندنی فەریق قاسم عەتا و بێبەشکردنی لەو پۆستەی کە بەپێی ئیستحقاقی فەرمی بۆی دیاری کرابوو.
هەروەها روکابی باسی لەوەش کردووە، سەرۆکی پەرلەمان لە پرۆسەی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکاندا رێکاری نادروستی گرتووەتە بەر، بەوپێیەی ئەرکی ژماردنی دەنگەکان بە فەرمانبەرانی پسپۆڕ نەسپێردراوە و پرۆسەی دەنگدانەکە تەنها یەک خولەکی خایاندووە.
لە کۆتاییدا روکابی جەختی کردەوە، بڕیاری دەرچوونی قاسم عەتا بە دەرنەچوو بڕیارێکی تاکلایەنە و پێچەوانەی راستییەکان بووە، چونکە ناوبراو زۆرینەی دەنگە پێویستەکانی بەدەستهێنابوو.